هەولێر.. هێزێکی نەناسراو هەڵدەکوتنە سەر نوسینگەی کەی ئێن ئێن

دامەزراوەی میدیایی گۆڕان رایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ لە هەولێر هێزێكی ئەمنی نەناسراو هەڵیانكوتاوەتە سەر نوسینگەی كەناڵی كەی ئێن ئێن دەستیان گرتوە بەسەر كامێراو مۆبایلی كارمەندەكانمان". 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی شوباتی ٢٠٢٥ دامەزراوەی میدیایی گۆڕان، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێکی نەناسراو بەناوی ئاسایشی هەولێر و بە جلوبەرگی مەدەنی و بە ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە، هەڵیانکوتاوەتە سەر نوسینگەی کەناڵی كەی ئێن ئێن لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و دوای ئەوەی دەستیان گرتوە بەسەر کامێرا و مۆبایلی کارمەندەکانمان، سویچ و ساڵيانەی ئۆتۆمبێلەکانیان لێوەرگرتون و بەشێک لە وێنە و ڤیدیۆی تۆمارکراوی ناو مۆبایلەکانیان سڕیوەتەوە، دواتر هێزە نەناسراوەکە نوسینگەکەیان بەجێهێشتووە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" بەتوندی هێرش و پەلاماری چەکداری بۆ سەر نوسینگەی هەولێری کەی ئێن ئێن سەرکۆنە دەکەین و پاراستنی کارمەندان و کەلوپەلەکانیشیان دەخەینە ئەستۆی حکومەتی هەرێم". 

دەقی راگەیەندراوەكە:

ڕاگەیەنراوێک لە دامەزراوەی میدیایی گۆڕانەوە

نیوەڕۆی ئەمڕۆ (9/2/2025)، هێزێکی نەناسراو بەناوی ئاسایشی هەولێر و بە جلوبەرگی مەدەنی و بە ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە، هەڵیانکوتاوەتە سەر نوسینگەی کەناڵی KNN لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و دوای ئەوەی دەستیان گرتوە بەسەر کامێرا و مۆبایلی کارمەندەکانمان، سویچ و ساڵيانەی ئۆتۆمبێلەکانیان لێوەرگرتون و بەشێک لە وێنە و ڤیدیۆی تۆمارکراوی ناو مۆبایلەکانیان سڕیوەتەوە، دواتر هێزە نەناسراوەکە نوسینگەکەیان بەجێهێشتوە.

ئەم هێرش و پەلامارەی بەناو ئاسایشی هەولێر لەکاتێکدایە، ئاستی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەهۆی نەبونی موچە و نادادپەروەریی، گەیشتوەتە دەربڕینی  ناڕەزایەتیی بەرفراوانی مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەکان.

کەناڵی کەی ئێن ئێن وەک ئەرکی لەپێشینەی خۆی، هەر لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە، لەگەڵ دەنگی خەڵک و خواست و داواکارییەکانیان بوە و بۆ هیچ کاتێکیش پشت ناکاتە خەڵکی بەشخوراوی کوردستان، بۆیە دامەزراوەی میدیایی گۆڕان، بەتوندی هێرش و پەلاماری چەکداریی بۆ سەر نوسینگەی هەولێری کەی ئێن ئێن سەرکۆنە دەکات و پاراستنی کارمەندان و کەلوپەلەکانیشیان دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، لە هەمان کاتدا داوا لە رێکخراوەکانی رۆژنامەنوسان و مافی مرۆڤ دەکەین، رێگا لەم جۆرە رەفتارە ناشیرینانە بگرن.

جارێکی تر ئەوەی دەمانەوێت لە میدیای گۆڕان دوپاتی بکەینەوە، ئەوەیە هیچ رەفتارێکی لەم جۆرە ناتوانێت بۆ ساتێکیش لە گواستنەوەی راستییەکان و خەم و ئازاری خەڵک جیامان بکاتەوە.

دامەزراوەی میدیایی گۆڕان

9-2-2025



PM:07:05:09/02/2025