ئەندامێکی مهكتهبی سیاسی پارتی لە پەیامێکدا خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی دێگەڵە "سیاسی" وەسف دەکات و دەڵێت" باشترە بەرەو بەغداد بڕۆن".
هۆشیار زێباری ئهندامی مهكتهبی سیاسی پارتی، ئەمشەو یەکشەممە له هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" ئەو مانگرتنهی لە سلێمانی رێكخراوە، زۆر بهسیاسی كراوه".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاشیگەیاندووە" ئەوە گونجاوترە برایانی ناڕازی چادر و دانیشتن و مانگرتن لە خواردن بگوازنەوە بۆ گۆڕەپانی تەحریر یان شەقامی ئیمام ئەلقاسم لە بەردەم وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی داوای خەرجکردنی بەردەوامی پارەی دارایی خۆیان بکەن".
زێباری جەختیش دەکاتەوە، حکومەتی هەرێم بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی لەگەڵ بەغداد یەکلاییکردووەتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی لە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە بەرەو بازگەی دێگەڵە بەڕێکەوتن تا خۆپیشاندان لە بەردەم نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی دواکەوتنی مووچەکانیان ئەنجام بدەن، بهڵام لهلایهن هێزه ئهمنییهكانەوە رێگرییان لێكرا و نههێڵدرا بچنه ناو ههولێر و بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.