ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایدەگەیەنێت" تائێستا دانوستانەكانمان لەگەڵ یەکێتی ئەنجامێكی باشی هەبووە و لە پێكهێنانی کابینەی نوێی حكومەت نزیك بووینەتەوە".
هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، لە چاوپێكەوتنێكدا بە كەناڵی (حەدەسی) ڕاگەیاندووە" لەبارەی پێكهێنانی حكومەت گەیشتوینەتە ئەنجامێکی باش و بۆ پشتیوانیكردنی وەرەقەی بەرنامەی حكومەتی داهاتوو".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەشکردووە: لە هەفتەی داهاتوودا دەچنە دانوستان لەگەڵ هاوبەشەكانیان بەتایبەت لەگەڵ یەكێتی بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پۆستەكان و سەرۆكایەتییەكان.
زێباری ئەوەشی خستەڕوو: كەشەكە تائێستا ئەرێنییە و پێشبینی دەکەن لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا کابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنن.
ڕۆژی ٤ی ئەم مانگەش لێژنەی تەکنیکی پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە هەولێر کۆبوونەوە و دواتر لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا جەختیان لەوەکردەوە کە لەسەر زۆربەی تەوەرەکان ڕێککەوتوون.