ئەندامێكی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاماژە بەوەدەكات لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ یەكێتی و لایەنەكانی دیكە گەیشتووینە ئەنجامێكی باش و لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو حكومەت پێكدەهێنین.
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی عێراقی لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت ڕاگەیاند: دەستمان بە دانوستانی چڕ بۆ پێكهێنانی حكوومەت كردووە و گەیشتووینەتە ئەنجامێكی باش، پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لەگەڵ هەموو لایەنە كوردستانییەكان دانوستانمان بۆ پێكهێنانی كابنەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە: گەیشتووینە ئەنجامێكی باش و پێشكەوتوو بۆ گەڵاڵەكردنی بەرنامەیەكی حكوومی بۆ كابینەی دەیەم، هاوكات لە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ هاوبەشەكانمان بەتایبەت هاوبەشی سەرەكیمان (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) گفتوگۆ لەسەر دابەشكردنی پێگە و پۆست و پلەكان دەكەین.
ئەو ئەندامەی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، كەشەكە ئەرێنییە و بەهیواین حكوومەت لە دوو مانگی داهاتوودا پێك بێت و پێمان وانییە زیاتر بخایەنێت.