"باری تەندروستی مانگرتووان جێگیرە و خۆراکیان پێدەدرێت"

جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" دوای سێ ڕۆژ لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، باری تەندروستی مانگرتووان جێگیرە و لە ئەمڕۆوە دەستدەکرێت بە پێدانی خواردن پێیان". 

د.ئومێد هیدایەت جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هەر ١٣ مانگرتووەکە پشکنین و شیکاری وردیان بۆ کراوە بە سەرپەرشتی ستافی پزیشکی پسپۆڕ، و ئەنجامەکان سەلماندیان کە باری تەندروستیان جێگیرە و هیچ مەترسییەک بۆ سەر ژیانیان نییە". 

جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار ڕوونیشیکردەوە: لە ڕۆژی یەکەمدا مانگرتوان ڤیتامینیان پێدەدرا، دواتر لە ڕۆژی دووەمدا کەمێک شلەمەنیان پێدەدرا، بڕیارە لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە وردە وردە دەست بە وەرگرتنی خۆراک بکەن، بەپێی ڕێنماییە پزیشکییەکان. 

ئومێد هیدایەت ئاماژەی بەوەشکرد: دوای هەر ژەمێک پشکنینی پزیشکی ئەنجامدەدرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە مانگرتووەکان وەڵامی چارەسەر دەدەنەوە. 

جەختیشیکردەوە: کوالیتی ئەو خۆراکانەی کە پێشکەش دەکرێن بەپێی بارودۆخی تەندروستی هەر کەسێکیان دەگۆڕێت. 

لەبارەی دەرچوونیان لە نەخۆشخانە، د. ئومێد باسی لەوەکرد: لە دوو ڕۆژی داهاتوودا باری تەندروستییان ڕوونتر دەبێتەوە، دوای ئەوە دیاریدەکرێت کێ لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە بۆ تەواوکردنی چارەسەرکردن و کێ دەتوانێت ڕەوانەی ماڵەوە بکرێت. 




PM:01:32:13/02/2025