هەفتەی داهاتوو بڕیارە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شوبات و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی کانوونی دووەمی رابردوو رەوانەی بەغداد بکات.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی "، بەغداد داوای لیستی مووچەی مانگی شوبات و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ی کردووە، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو رەوانە بکرێت.
لەبارەی کاتی ناردنی مووچەی مانگی شوبات، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن پێش ٢٥ ی شوبات وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مووچەخۆران دەخاتە سەر هەژماری دارایی هەرێمی کوردستان.
لەلایەکی ترەوە دوێنێ د. نەرمین مەعروف لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر ناردن، یان نەناردنی مووچەی مانگی ١٢ ساڵی ٢٠٢٤ی مووچەخۆرانی هەرێم دەدرێت ".
رۆژی پێنج شەممەش وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند بڕی ٥١ ملیار و ٨٩٥ ملیۆن دیناری خستۆتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق کە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بووە بۆ مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥.