شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات کە کەمتر لە چەند رۆژێک ماوە بۆ ھاتنی بەھێزترین شەپۆلی سەرما و بەفری زستانی ئەمساڵ و دەڵێت" پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە و تا ١٨ پلە ژێر سفر دەرۆن و بەفربارین سەنتەری شارەکانیش دەگرێتەوە".
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی بڵاویکردووەتەوە کە "دەستپێکردنی بەفر و باران لە نیوەرۆی رۆژی پێنجشەمە ٢٠ی مانگەوە دەبێت و زۆرترین رێژەی دابارینی بەفر و باران نێوان شەوی پێنجشەمە بۆ بەرەبەیانی رۆژی ھەینی ئەبێت ".
ئاشکراشی کردووە کە بەردەوامبوونی شەپۆلی بەفر و باران بەشێوەی پچر پچر و رێژەی لاواز بۆ مامناوەند تا ناوەراستی تا ھەفتەی داھاتوو دەخایەنێت و پاشان کۆتای پێدێت.
ئەو کەشناسە دەلێت" ساردترین ماوەی شەپۆلەکە رۆژانی ٢٢ تا ٢٦ی مانگ ئەبێت پلەکانی گەرما بەرێژەی ٨ تا ١٤ پلە بەجیاوازی ناوچەکان نزمدەبنەوە و لەناوچە شاخاویەکان نزمترین پلەکانی گەرما ١٠ تا ١٨ پلە بۆ ژێر سفر نزمدەبێتەوە لەتەواوی ناوچەکان و سەنتەری شارەکانیش بۆ سفر و چەند پلەیەک ژێر سفر نزمدەبنەوە و ساردترین ماوەی زستانی ئەمساڵ لەناوچەکەدا دەستپێدەکات.
ئاراس جەبار راشیگەیاند" لەماوەی ئەو شەپۆلەدا ئەگەری بارینی بەفرێکی زۆر ئەبێت لە ناوچە شاخاویەکان لە ٥٠ سم تا زیاتر لە یەک مەتر ، لەناوچە نزمەکانیش بارانێکی باش ئەبارێت ، لەگەڵ داخڵبوونی تەواوەتی شەپۆلە جەمسەریەکە بۆ سەر ناوچەکانی ھەرێم و عێراق لە رۆژانی ٢٢ بۆ ٢٤ مانگ بەفر بارین سەنتەری شارەکانیش ئەگرێتەوە و لە شاری سلێمانی و ھەڵەبجە و دھۆک بەفر ئەبارێت لەگەڵ ئەگەرێکی لاوازیش بۆ شاری کەرکوک و ھەولێر .
ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە کە لەجەمسەری باکورەوە روو دەکاتە ناوچەکە بەشێوەی وشکە سەرما کاریگەریەکانی تا باشوری و عێراق وئێران و بلادشام و باکوری سعودیە درێژ ئەبێتەوە بەم شێوەیەک مەودایەکی گەورە و فراوانی وڵاتانی ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەریەکانیەوە .