قوباد تاڵەبانی: پشتگیریی تەواوەتی جووتیارانی کەرکوک دەکەین

قوباد تاڵەبانی لە پەیامێدا پشتگیری خۆی بۆ جووتیارانی کەرکوک بڵاوکردەوە و ڕاشیگەیاند، پێداگریی لەسەر سزادانی ئەوانەی فەرمانی بەکارهێنانی سوپایان دژی جوتیاران کردووە، دەکەن.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دوشەممە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "هێشتا مانگێک بەسەر پەسەندکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە تێپەڕنەبووە، کەچی پێچەوانەی دەستوور و یاسا، سوپا لە دژی خاوەنە رەسەنەکانی زەویوزاری سەرگەڕان بەکاردەهێنرێت".

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، "بەکارهێنانی سوپا و رەفتاری لەم شێوەیە، هەنگاوێکی مەترسیدارە و بەردەوامیی پێشێلکاریی لەم چەشنە داهاتووی پێکەوەژیان دەخاتە مەترسییەوە."

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پشتگیریی تەواوی جوتیاران دەکات و دەڵێت "بەهاوکاریی هەموو لایەنەکان هەوڵی چارەسەرکردنی یەکجاریی ئەو کێشەیە لە کەرکوک دەدەن".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، "پێداگریی لەسەر سزادانی یاسایی سەرپێچیکاران و ئەوانەشی فەرمانیان کردووە بە بەکارهێنانی سوپای دژی جوتیاران کورد دەکەن".




PM:10:22:17/02/2025