"ئامێرە ئەلکترۆنیەکان و زیرەکی دەستکرد کاریگەریان لەسەر زمان داناوە"

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان له‌ رۆژی جیهانی زمانی دایکدا رایدەگەیەنێت" بەهۆی پێشکەوتنی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان و زیرەکی دەستکردەوە کە کاریگەریان لەسەر زمان داناوە و گەیاندوویانەتە ئاستێکی ترەوە، دەتوانرێت بە ئەرێنی کەڵکی لێوەربگیرێت". 

ئەمڕۆ پێنج شەممە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) له ‌راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە" زمانی کوردی کۆنترین زمان، یەک لە دەوڵەمەندترین زمان و خۆڕاگرترین زمانی سەر رووی زەمینە، ئەم زمانە بۆ ئێمەی کورد تەنیا هۆیەکی پەیوەندی و گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو لێکچوونی رەنگی پێست، باوەڕی هاوبەش و بابەتگەلی دیکەوە کە لەتەک گەل و نەتەوەکانی دراوسێدا سیمای دیاری جیاکەرەوە و خودناسیمانە".

ئەوەشی خستەڕوو، لە سەد ساڵی رابردوودا سیاسەتی دەوڵەتنەتەوەکانی داگیرکەری کوردستان تورکیا، ئێران و سوریا و عێراق بە ئێستاشەوە نکۆڵیکردن و بێبەشکردنی گەلەکەمان بووە، لە مافی بەکارهێنانی زمانی دایک بەتایبەتی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا بە تێپەڕبوونی کات زمان پەرەو توانەوە لەناو زمانی نەتەوەی سەردەسدا دەبات، نمونەی قۆناغی ئێستای دەوڵەتانی تورکیا و ئێران لە بەرامبەر زمانی کوردیدا، کە چەندین مامۆستا و فێرکاری زمانی شیرینی کوردی بە تاوانی وتنەوەی وانەی کوردیەوە خراونەتە زیندانەکانەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە پێچەوانەی بەندەکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە.

کەنەکە دەشڵێت" لەم روانگەوە ئەرکی رێکخراوە نێودەوڵەتی و سازیەکانی مافی مرۆڤ و رەوەندی کوردییە دژی ستەمی سیاسەتی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بوەستنەوە و فشار بکەن تا گەل و پێکهاتەکانی ناو سنووری دروستکراوی ئەم دوو دەوڵەتە مافی بەکارهێنانی زمانی دایکی خۆیان هەم لە ژیانی رۆژانە و هەمیش لە پرۆسەی خوێندن پەروەردەدا هەبێت". 

هەروەها هاتووە" لە ئێستای جیهاندا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنیکی پەیوەندی و ئامێرە ئەلەکترۆنیەکان و زیرەکی دەستکردەوە کە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر زمان داناوە و گەیاندوویانەتە ئاستێکی ترەوە، کە دەتوانرێت بە ئەرێنی کەڵکی لێوەربگیرێت و بخرێتە خزمەتی گەشەپێدانی زمان و هۆکارەکانی فێرکردن و فەرهەنگی نەتەوەیی ئەلەکترۆنییەوە". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

ئەگەر نەتوانین بە زمانی دایکیی خۆمان بدوێین، گەر منداڵەکانمان نەتوانن فێری زمانی دایکی خۆیان ببن،
ئەو کاتە چ واتایەک بۆ ژیان و بوون دەمێنێ!

رۆژی جیهانی زمانیی دایک پیرۆزبێت!

زمانی کوردی کۆنترین زمان، یەک لە دەوڵەمەندترین زمان و خۆڕاگرترین زمانی سەر رووی زەمینە. ئەم زمانە بۆ ئێمەی کورد تەنیا هۆیەکی پەیوەندی و گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو لێکچوونی رەنگی پێست، باوەڕی هاوبەش و بابەتگەلی دیکەوە کە لەتەک گەل و نەتەوەکانی دراوسێدا سیمای دیاری جیاکەرەوە و خودناسیمانە. هەر بۆیەش لە سەد ساڵی رابردوودا سیاسەتی دەوڵەتنەتەوەکانی داگیرکەری کوردستان تورکیا، ئێران و سوریا و عێراق بە ئێستاشەوە نکۆڵیکردن و بێبەشکردنی گەلەکەمان بووە. لە مافی بەکارهێنانی زمانی دایک بەتایبەتی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا بە تێپەڕبوونی کات زمان پەرەو توانەوە لەناو زمانی نەتەوەی سەردەسدا دەبات. نمونەی قۆناغی ئێستای دەوڵەتانی تورکیا و ئێران لەبەرامبەر زمانی کوردیدا، کە چەندین مامۆستا و فێرکاری زمانی شیرینی کوردی بە تاوانی وتنەوەی وانەی کوردیەوە خراونەتە زیندانەکانەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە پێچەوانەی بەندەکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە.

لەم روانگەوە ئەرکی رێکخراوە نێودەوڵەتی و سازیەکانی مافی مرۆڤ و رەوەندی کوردییە دژی ستەمی سیاسەتی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بوەستنەوە و فشار بکەن تا گەل و پێکهاتەکانی ناو سنووری دروستکراوی ئەم دوو دەوڵەتە مافی بەکارهێنانی زمانی دایکی خۆیان هەم لە ژیانی رۆژانە و هەمیش لە پرۆسەی خوێندن پەروەردەدا هەبێت.

لە ئێستای جیهان دا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنیکی پەیوەندی و ئامێرە ئەلەکترۆنیەکان و زیرەکی دەستکردەوە کە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر زمان داناوە و گەیاندوویانەتە ئاستێکی ترەوە، کە دەتوانرێت بە ئەرێنی کەڵکی لێوەربگیرێت و بخرێتە خزمەتی گەشەپێدانی زمان و هۆکارەکانی فێرکردن و فەرهەنگی نەتەوەیی ئەلەکترۆنییەوە.

ئەمڕۆ جێی خۆشحاڵییە، بەهۆی هەوڵ و تەقەڵای دڵسۆزان لە ناوخۆ و دەرەوە زمانی کوردی هەنگاوی باشی ناوە، بۆیە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سوپاس و پێزانینی ئەو هەموو هەوڵە تاکەکەسی دامەزراوییانەی ئەو بوارە دەکات و پاڵپشت و هاوکاریان دەبێت.

هاوکات ئەرکی حکومەتی هەرێم ( باشوری کوردستان)  و دەسەڵاتی خۆسەری (رۆژاوای کوردستان) یشە لە روانگەی سیاسەتی زمانی و پلانی زمانییەوە ئەم ئەرکە بە جیدی بەهەند بگرێ و لێکنزیککردنەوە و پاراستنی زار و بنزارەکانی زمانی کوردی لە رۆژەڤ و پلان و ستراتیژیی کارەکانیدا بێت و بودجەی بۆ تەرخان بکرێت و دامەزراوەی تایبەتمەندی بۆ راسپێردرێت و میدیایەکی نیشتیمانی دابمەزرێنرێت تا لەو رێگەیەوە ئەو ئامانجانە بەدیبهێنرێت.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک، وەک ئەرکی خۆی و کارە بەردەوامەکانیی لە هەوڵ و  کۆششی خۆی بۆ گەشەپێدانی زمان و لێکنزیککردنەوە و پاراستنی زار و بنزارەکانی زمانی کوردی بەردەوامدەبێت.  

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە هەموو کوردی زمانێک پیرۆز بێت.

ئەرکمانە، بەردەوام لەخەمی گەشەپێدان و پاراستن و لێکنزیککردنەوەی زاروبنزارەکانی کوردیدابین و لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمدا زمانەکەمان بپارێزین و یپێشیبخەین.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک

کۆمسیۆنی زمان، کلتور و پەروەردە

20ی شوبات 2025



PM:05:13:20/02/2025