بەندکراوێکی سیاسی کورد کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببوو لە زیندان گیانی لەدەستدا، پێشتر ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگرییان لە هێنانی تیمێکی پزیشکی کردووە بۆ بەندیخانەکە.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ چوارشەممە ئەنوەر چالشی بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی گوندی (لۆرزینێ) سەر بە ناوچەی مەرگەوەری ورمێ گیانی لەدەستدا.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر نەخۆشی شێرپەنجەی ڕیخۆڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە تەنگی پێهەڵچنیبوو و پێویستی بە چاودێری پزیشکی بووە، بەڵام ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕێگرییان لە هێنانی دەرمانی ناوبراو کردبوو.
هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" بەهۆی ڕێگری ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ئەنوەر چالشی بەبێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی بە دەست و قاچی بەستراوە لە نەخۆشخانەوە بۆ بەندیخانە گوازرایەوە".
ئەنوەر چالشی ساڵی ٢٠٢٠ لەگەڵ دوو کەسی دیکەدا بە ناوەکانی کامیل جەباروەند خەڵکی گوندی چریک ئاوا و موسا ئاڵۆسی خەڵگی گوندی وەڵندەی سەروو سەر بە ورمێ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی سپای ورمێ گوازرانەوە.
ئەنوەر دواتر بە تۆمەتی هەوڵدانی دژی ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی ورمێوە سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.