ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی زمانی دایکە

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی زمانی دایکە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بە مەبەستی پاراستنی زمان و کلتوری وڵاتان دیاریکراوە، بە گوێرەی ئامارەکان دو هەفتە جارێک زمانێک بە تەواوەتی لە جیهاندا لەناودەچێت و لە ئێستادا تەنها چەند سەد زمانێک لە سیستەمی پەروەردە و سۆشیال میدیادا کاری پێدەکرێت.

٢١ی شوباتی هەمو ساڵێک وەک ڕۆژی زمانی دایک دیاری کراوە، بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان هەشت هەزار و ٣٢٤ زمان لەسەر ئاستی جیهان بونی هەیە، بەلام لە ئێستادا نزیکەی حەوت هەزار زمان قسەیان پێدەکرێت یا خود پێیان دەنوسرێت.

بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتوەکان هەر دو هەفتە جارێک زمانێک لەسەر ئاستی جیهاندا لەناودەچێت و ئەو زمانانەی ڕۆژانە لە سیستەمی پەروەردە و لە جیهانی سۆشیال میدیا دا کاریان پیدەکرێت لە چەند سەد زمانێک تێناپەڕێت.

ڕۆژی جیهانی زمانی دایک سەرەتا ساڵی ١٩٩٩  لەلایەن ڕێکخراوی یونێسکۆوە ڕاگەیەندرا و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان پشتیوانیی خۆی بۆ چالاکییەکانی ئەو ڕۆژە پیشان دا و ساڵی ٢٠٠٨ کردە ساڵی نێودەوڵەتیی زمانەکان.




AM:10:20:21/02/2025