بەرپرسێکی پەیەدە هۆشداری دەدات لەوەی ئامانجی تورکیا و هێزەکانی سەر بەو وڵاتە دابەشکردنی خاکی سوریایە.
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ڕایگەیاند"هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی دوروبەری بەنداوی تشرین و پردی قەرقۆزاک بەردەوامە".
ئەو بەرپرسەی پەیەدە هۆشداریشیداوە لەوەی، تورکیا پیلانی هەیە بۆ ئەوەی خاکی سوریا دابەش بکات و ئەوەش هەڕەشەیە بۆ سەر یەکریزی و سەقامگیری لە سوریا.
ئاڵدار خەلیل باسی لەوەش کردوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە زۆربەی ناوچەکانی سوریا وەستاون، جگە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە تورکیا و هێزەکانی سەربەو وڵاتە لە هێرشەکانیان بەردەوامن.
ئاڵدار خەلیل دوپاتیشیدەکاتەوە"ئەوی لە ئێستادا لەو ناوچانە دەگوزەرێت تەنها هێرشێکی سەربازی نییە، بەڵکو هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ سەپاندنی واقیعێکی نوێ لەسەر زەوی، بە ئامانجی دابەشکردنی سوریا و تێکدانی سەقامگیرییەکەی".