هاتووچۆی هەولێر هۆشداری بە شۆفێران دەدات و دەڵێت" ئۆتۆمبێلەکانتان مەبەنە ئەو شوێنانەی کە ڕێگاکانیان بەهۆی بەفرەوە گیراون".
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" بەهۆی ساردبوونی کەشوهەوا لەم چەند ڕۆژانەی دوایدا، لە ناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەری هەولێر بەفەر باریووە".
هاتووچۆی هەولێر لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە هاوڵاتییان دەکات ئۆتۆمبێلەکانیان نەبەنە ئەو شوێنانەی کە ڕێگاکانیان بەهۆی بەفرەوە گیراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەری هەیە لە شەودا بەهۆی ساردی کەشوهەوا، ڕێگاکان بیبەستێت، بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان گیر نەخوات یان بەهۆی خلیسکان تووشی ڕووداوی هاتووچۆ نەبن ڕوو لەو ناچانە نەكەن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووچۆی هەولێر داوا لە شۆفێران دەکات رێنماییەکانی مەفرەزەکانی هاتووچۆ جێبەجێبکەن و گوێڕایەڵیان بکەن کە لە سەرەتای هەموو ڕێگای ئەو ناوچانەی بەفری لێباریووە لە ئەرکدان.
هەروەها داواش لە شۆفێران دەکەن پابەندی رێنمایی لێخورین بن لە کاتی بەفربارین، بۆ ئەوەی دووربن لە ڕووداوی هاتووچۆ.