هاوسەرۆکی دەمپارتی: کورد و ئۆجەلان بۆ چارەسەریی ئامادەن بەڵام لە تورکیا دڵنیا نین

هاوسەرۆکی دەمپارتی ڕایگەیاند"کورد و عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ چارەسەریی پرسی کورد ئامادەن، بەڵام لە حکومەتی تورکیا دڵنیا نین" و وتیشی"ئۆجەلان هۆشداری داوە لەوەی، ئەگەر تورکیا و ئێران گۆڕانکاریی نەکەن، دۆخی ناوچەکە ناسەقامگیرتر دەبێت". 

تولای هاتیمۆ غوڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان ناسراو بە دەمپارتی لە میانی پانێڵێکدا لە سەنتەری پێشکەوتنی کورد لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ڕایگەیاند"کورد و عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە بۆ چارەسەریی پرسی کورد ئامادەن، بەڵام نازانن حکومەتی تورکیا ئامادەیە یان نا".

ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆجەلان هۆشداری داوە لەوەی، ئەگەر وڵاتانی ناوچەکە وەک تورکیا و ئێران، گۆڕانکاریی جددی نەکەن، دۆخی ناوچەکە ناسەقامگیر و ئاڵۆزتر دەبێت. 

هاوسەرۆکی دەمپارتی باسی لەوەشکرد، ئۆجەلان دەربارەی دۆخی سوریاش ڕایگەیاندوە"پێشهاتەکانی سوریا دەریخستوە، سیستەمی جیهانی خۆی رێک دەخاتەوە و دوپاتی کردووەتەوە، دانانی دەستورێکی دیموکراسی لە سوریا، پێویستیەکی سەرەکییە".




PM:05:40:22/02/2025