ئەپیکۆر بۆ هەناردنەکردنەوەی نەوتی هەرێم مەرجی هەیە

کۆمەڵەی پێشەسازی نەوت لە کوردستان جەخت لەوەدەکەنەوە کە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەن، بەڵام مەرجییان هەیە و دەبێت گرێبەستی کارکردنیان لەبەرچاو بگیرێت.

کۆمەڵەی پێشەسازی نەوت لە کوردستان (ئەپیکۆر) راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت"  کۆمپانیاکانمان ئامادەن دەست بکەنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بەڵام بەمەرجێک، گرێبەستی کارکردنیان لەبەرچاو بگیرێت".

باسی لەوەشکردووەوەک چەندین جار رامانگەیاندووە، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیاوە، دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنێک پارێزگاری مەرجەكانی گرێبەست و بازرگانی و ئابووری ئێستای کۆمپانیاكان بكات.

دەشڵێت" ئێمە بەدوای ڕێککەوتنی فرۆشتن و نوسراودا دەگەڕێین لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە شەفافیەت و گەرەنتی پارەدان دابین بکات بەبێ دەستوەردانی سیاسی".

ئەوەشی وتووە کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور بەردەوام دەبن لەسەر کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ دەستەبەرکردنی چارەسەرێکی خێرا و سودبەخش بۆ هەردوولا.

هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە" ئێمە هاوڕاین لەگەڵ لێدوانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ٢٢ی شوباتدا، کە خێراکردنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیاوە عێراق بەهێز دەکات، و پێداویستییەکانی هاووڵاتیانی دابین دەکات".




AM:10:10:23/02/2025