وەزیری دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" داوای زیادكردنی میلاك و تهرخانی داراییمان بۆ فهرمانبهرانی گرێبهست لە بەغداد كردووە".
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی کرد لە نوێنەرانی بەشێک لە فەرمانبەرانی گرێبەستی دامەزراوی پەرەپێدان کە لە وەزارەتی تەندروستی دەوام دەکەن و مووچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە".
بەپێی راگەیەنراوەكەی دارایی هەرێم، لە دیدارێکدا وەزیری دارایی گوێبیستی داواکاریەکانیان بوو، وەک هەمیشە پشتیوانی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند" لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق داوای زیادکردنی میلاک و تەرخانی داراییان بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست کردووە، چاوەڕوانن لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەو بابەتانە بگەن بە چارەسەرێکی گونجاو".
هەروەك لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژەبەوەشکراوە، لەبارەى گۆڕینی ناونیشانی ئەو فەرمانبەرانە لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ گرێبەستی ئاسایی لەسەر وەزارەتی دارایی، ئاوات شێخ جەناب وتی" وەک وەزارەتی دارایی ڕەزامەندین لەسەر گۆڕینی ناونیشانەکانیان لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ گرێبەستی ئاسایی لەسەر وەزارەتی دارایی".