سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە لارییان نییە لە بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و دەشڵێت"لایەنە كوردییەكان پرۆژەكە ببەنەوە پەرلەمان ڕەزامەندی لەسەر دەدەن."
مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی شوبات ڕایگەیاند" پەرلەمانی عێراق رێگر نییە لە ناساندنی هەڵەبجە وەك پارێزگا، بەڵكو پرسەكە ناخۆییە و پێویستی بە سازانی كوردییە".
مەشهەدانی وتیشی" وەكو خۆم پاڵپشتیكاری پەسەندكردنی ئەو یاسایەم و هەڵەبجە شایستەیە، بەڵام كێشەی راستەقینەكە چییە؟ زانیاریم لەسەری نییە".
سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕی ئەگەر لەلایەنە كوردییەكان پرۆژەكە ببەنەوە پەرلەمان ڕەزامەندی لەسەر دەدەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە پرۆژەی بە پاریزگابوونی هەڵەبجە لەماوەی ڕابردوودا دووجار خرایە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاساییەوە دەنگی لەسەر نەدرا.