ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لەبارەی بەخشینی زەکاتەوە بڕیاریدا و دەڵێت" دروست نییە زەكات بنێردرێتە دەرەوەی كوردستان".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی پارێزگای هەولێر، لەبارەی زەکاتەوە نووسراوێکی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی فەتوا کردووە و تێیدا داوایا ڕوونکردنەوە لە زەکات دەکات و دەڵێت”ئایا دروستە زەكات بنێردرێتە دەرەوەی كوردستان؟”.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا وەڵامی نووسراوەکەی داوەتەوە و رایدەگەیەنێت" نووسراوتان ژمارە ٨٦٤ لە ٢٦ی ٢ی ٢٠٢٥، سەبارەت بە حوكمی شەرعی ناردنی زەكات بۆ دەرەوەی وڵات لەكاتێكدا لە ناوەوەی كوردستان خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت هەبێت، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە ڕۆژی ٢٧ی ٢ی ٢٠٢٥، تاووتوێی بابەتەكەی كرد، بەگەڕانەوەی بۆ سەرچاوەكانی فیقهی ئیسلامی( ئەنجومەنی باڵای فەتوا)، لە وەڵامدا دەڵێت، دەربارەی گواستنەوەی زەكات لە شارێكەوە بۆ شارێكی دیكە یان لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە، رای پەسند وایە، كە هەتا هەژار و نەدار و كەمدەرامەت هەبێت لەو جێگەیەی زەكاتدەر لێی دەژی، دروست نییە زەكاتەكەی بگوازێتەوە بۆ جێگەیەكی دیكە".
ئاماژە بەوەشدەکات ئەم ڕا پەسەندە ئەسڵی مەزهەبی پێشەوامان ئیمام شافیعییە ڕەزای خودای لەسەر بێت، بۆیە هەتا لە شار و شارۆچكە و گوندەكانی وڵاتی كوردستاندا هەژار و قەرزار هەبێت دروست نییە زەكات بگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی كوردستان.
ئەنجوومەنی فەتوا وتیشی" هەر كات كەسی دەوڵەمەند دڵنیا بوو، كە لەو جێگەیەی لێی دەژی، هەژار و نەدار نییە، ئەوكات دروستە بیگوازێتەوە بۆ هەژارانی دوورتر لەخۆی لە وڵاتەكەی كە كوردستانە، و هەر كات دڵنیابوو كە لە كوردستان بە هەر چوارپارچەیەوە هەژاری تێدا نەماوە، ئەوكات دروستە بۆ وڵاتێكی دیكەی بنێردرێت، مەگەر سیلەی رەحمی خۆی، خزمی خۆی لێ بێت، ئەوكات لەسەر ڕای هەندێك لە زانایان دروستە".