"بانگەوازەکەی ئۆجەلان رەخساندنی كەشی سیاسی دیموكراتیك و یاساییە"

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان - پژاك سەبارەت بە ناگەوازەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئۆجەلان ڕایدەگەیەنێت" رەخساندنی كەشی سیاسی دیموكراتیك و لایەنە یاساییەكانە". 

ئەمڕۆ یەکشەممە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان - پژاك، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" پشتیوانی خۆمان لە بانگەواز و دەستپیشخەرییەكەی ئۆجەلان بۆ دەستەبەربوونی ئاشتی بەردەوام لە توركیا رادەگەیەنین و چارەسەری دیموكراتیك و ئاشتیخوازانەی پرسی كورد لە رێگەی وتووێژ وەك چارەسەری بنەڕەتی هەڵدەسەنگێنین و لەگەڵ ئەمە تێكۆشان بۆ ئافراندنی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و كەسایەتی ئازاد بە رێگەی گەیشتن بە ئازادی دەبینین". 

هەروەها هاتووە" بانگەوازەكەی رێبەر ئاپۆ دەستپێشخەرییە بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە، هەروەها دەرفەتێكی مێژوویی بۆ دەوڵەتی توركیە و دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكە بە مەبەستی چارەسەری و هەنگاونان بەرەو دیموكراسی خولقاندووە، بێگومان بە ئاكام گەیشتنی ئەم دەستپێشخەرییەی رێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی، گرێدراوی ئازادی جەستەیی بەڕێزیان و سەرجەم گیراوانی سیاسی، كۆتاییهێنان بە شەڕ لەلایەن دەوڵەتی توركیە و هەروەها رەخساندنی كەشی سیاسی دیموكراتیك و لایەنە یاساییەكانە". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

بۆ رای گشتی هەموو كوردستان و جیهان

رۆژی پێنجشەم ٢٧ی فێوریە پەیامە مێژووییەكەی رێبەر ئاپۆ بڵاو بووە. بانگەوازەكەی رێبەر ئاپۆ بە شێوەیەكی تایبەت ئاماژەی بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی كورد، دامەزراندنی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و هەروەها گۆڕانكاری بنەڕەتی لە رەوتی تێكۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی كورد كردووە. لە رۆژهەڵاتی ناویین دا ئاڵوگۆڕەكان بە شێوەیەكی بەرفراوان و خێرا بەڕێوە دەچن.

ناوچەكە چیتر توانای پەنگخواردنەوەو چەقبەستوویی ئەو كێشەو قەیرانانەی نەماوە كە دەرئەنجامی سیاسەتی پاوانخوازانەی دەولەت – نەتەوەكانە. زێهنییەتی نەتەوەپەرەستی هەم وەك سەرچاوەی دروستبوونی كێشەگەلی دژوارو ئەستەم بۆ ناوچەكەو هەمیش وەك لەمپەر مكوڕە لە ئاستەنگكردن بۆ چارەسەریی ئەم كێشانە. لەم نێوەداو بەتایبەتی پرسی كورد، كە بە هۆی روانینی ئەمنی و رێگەچارەی سەركوتكردن بە هێزی سەربازی كە دەرهاوێشتەی زێهنییەتی دەوڵەت – نەتەوەیە، وەك برینێكی قووڵ و گرێ‌كوێرەی لێهاتووە كە نیشانەیەكی تەواوە لە داماوی رژیمە دەسەڵاتدارەكانی رۆژهەڵاتی ناویینە لە چارەسەركردنی كێشەكان.

بانگەوازەكەی رێبەر ئاپۆ دەستپێشخەرییە بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییەو هەروەها دەرفەتێكی مێژوویی بۆ دەوڵەتی توركیەو دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكە بە مەبەستی چارەسەریی و هەنگاونان بەرەو دیموكراسی خولقاندووە. بێ گومان بەئاكام گەیشتنی ئەم دەستپێشخەرییەی رێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی، گرێدراوی ئازادیی جەستەیی بەڕێزیان و سەرجەم گیراوانی سیاسی، كۆتایی هێنان بە شەڕ لە لایەن دەوڵەتی توركیەو هەروەها رەخساندنی كەشی سیاسی دیموكراتیك و لایەنە یاساییەكانە.

رێبەر ئاپۆ لە پەیامی مێژوویی خۆیدا سەرنجی راكێشاوەتە سەر ئەم بابەتەش كە، بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە كوردستان سەرەڕای فیداكاریێكی مەزن، لە ئەنجامی تەنگ وچەڵەمەی زێهنییەتی و ئەو پێكهاتەی كە دەرهاوێشتەی روانگەكانی جیهانی دووجەمسەری بوو، نەیتوانی بە تەواوی وڵامدەری چارەسەركردنی ئەم پرسە بنەچینەییە بێت. نیو سەدە تێكۆشانی بێ هاوتای پارتی كرێكارانی كوردستان نەتەوەی كوردی لە مەترسیی پاكتاوی رەگەزی پاراست و ئەو سیاسەتانەی  تێكشكاند كە لە سەر بنەمای حاشاكردن لە هەبوونی گەلەكەمان بەڕێوە دەچوون. نەتەوەی كورد قۆناغی "ژیانەوە” و پرسی هەبوون وەك نەتەوەی بە سەركەوتوویی تێپەڕ كردو گەیشتە قۆناغی خۆییبوون، خۆبەڕیوەبەری و پێشەنگایەتیكردنی دیموكراسی. بێ گومان سەرخستنی ئەم قۆناغەش پێویستی بە روانگەو رێكاری نوێ بۆ درێژەی تێكۆشان هەیە.

رێبەر ئاپۆ لە هەموو ساڵەكانی دەیەی ٩٠ی زایینی و دواتریش لە ٢٦ ساڵی تێپەڕبوو لە زیندانی ئیمراڵی دا، تێكۆشانێكی بەرفراوانی لە پێناوگۆڕانكاری زێهنییەتی و ئاڵوگۆڕ لە پاڕادایمی خەباتی تەڤگەری ئازادی لە كوردستان بەڕێوە بردووە. پاڕادایمی نوێی تێكۆشان لە سەر بنەمای كۆمەڵگەی دیموكراتیك، ئێكۆلۆژیك و ئازادی ژن پێشكەش كرد كە رێنوێنی تێكۆشانی ئێمەیە. دوا پەیام و بانگەوازی رێبەر ئاپۆ گەلێك بابەتی سەرەكی، بەنرخ و ژیانیی لەخۆ گرتووە، ئێمەش وەك پارتێك كە فەلسەفەو پاڕادایمی كۆمەڵگەی دیموكراتیكی رێبەر ئاپۆمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان كردووەتە بنەمای تێكۆشانی خۆمان، بە هەموو شێوەیەك پشتیوانیی خۆمان لە بانگەوازو دەستپیشخەرییەكەی بەڕێزیان بۆ دەستەبەربوونی ئاشتی بەردەوام لە توركیە رادەگەیەنین و چارەسەری دیموكراتیك و ئاشتیخوازانەی پرسی كورد لە رێگەی وتووێژ وەك چارەسەری بنەڕەتی هەڵدەسەنگێنین و لەگەڵ ئەمە تێكۆشان بۆ ئافراندنی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و كەسایەتی ئازاد بە رێگەی گەیشتن بە ئازادی دەبینین.



PM:11:16:02/03/2025