پارێزەرێکی کورد دەستگیردەکرێت

پارێزەرێکی کورد کە دانیشتوی مەشهەدی ئێرانە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، جەواد عەلی کوردی، پارێزەر لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر نوسینگەکەی لە مەشهەد دەستگیرکرا. 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، جەواد عەلی کوردی لەم دواییانەدا لە وەڵامی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کە داوایان کردبوو بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی سەردانی لقی جێبەجێکرانی سزاکانی مەشهەد بکات وتبووی کە ئەو ڕەوتە پێویستە بە بەرگەی بانگکران لەلایەن خانەی دادی جێبەجێکرانی سزاکانەوە ئەنجام بدرێت.

جەواد عەلی کوردی پاش هەڵوەشاندنەوەی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ لەلایەن لقی ٣٧ی دادگای پێداچوونەوەی خوراسانی ڕەزەوی سزای ١٦ مانگ بەندکردن و دوو ساڵ قەدەغەی کاری پسپۆڕی و دوو ساڵ قەدەغەی چوونە دەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی مەشهەد بە تۆمەتی "پێکهێنان و بەڕێوەبردنی گروپ بەمەبەستی ڕوخاندنی حکومەت" سزای دوو ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە خامنەیی" سزای هەشت مانگ و بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ و پێنج مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزایە بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵپەسێردراوە.



AM:12:01:03/03/2025