حکومەتی ئێران: لەژێر سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکادا گفتوگۆ ناکەین

وتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، ئێران لەژێر سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکادا گفتوگۆ ناکات. دەشڵێت، " نامانەوێت ئەوەی بەسەر سەرۆکی ئۆکراینادا هات، بەسەر ئێمەشدا بێت."
 
ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی ئادار فاتمە مهاجرانی، وتەبێژی حکومەتی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بۆچوونی حکومەت سەبارەت بە ئەگەری دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا و هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی رایگەیاند"لە کاتێکدا ئەمریکا سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لە دژی ئێران بەکاردەهێنێت، تاران ئامادە نییە لەژێر ئەو گوشارەدا دانوستاندن بکات".

وتەبێژی حکومەتی ئێران باسی لەوەش کرد" "سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار تاقیکراوەتەوە و کێشەمان بۆ دروست دەکات؛ بەڵام نامانەوێت ئەو سووکایەتییەی بە سەرۆکی ئۆکراینا کرا، بەسەر ئێمەشدا بێت."

 مهاجرانی باسی لەوەش کرد، "ناتوانرێت هیچ کەسێک بەزۆر بهێندرێتە سەر مێزی گفتوگۆ، پێویستە دانوستاندن و دیالۆگ بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە بکرێت."




PM:05:48:04/03/2025