شەڕ لەنێوان گرووپێکی چەکدار و سەربازانی سووریا روویدا

لە سنووری پارێزگای لازقییەی سووریا، شەڕ لە نێوان گرووپێکی چەکدار کە دەگوترێت سەربازانی پێشووی سوپای ئەسەد بوون، لەگەڵ سەربازانی ئێستا وەزارەتی بەرگریی سووریا روویدا. بەپێی زانیارییەکان ١٥ کەس کوژراون.

بەپێی میدیای خۆجێی سووریا، شەڕەکە لە شاری جەبەلە لە باشووری لازقییە روویداوە. بە پێی ئاماری سەرەتایی،لە هێرشێکدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی ئاسایشی گشتی لە کەناری دەریای شاری جەبەلە شەش کەس کوژراون. هەروەها چەکداران هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی ئاسایشی گشتی لە دەروازەی باکووری شاری جەبەلە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەندامانی ئاسایشی گشتی لە کۆلێژی دەریایی نزیک بنکەی حەمیمیم لە دەروازەی شاری جەبەلە بەر هێرشێکی چەکداری دیکە کەوتن کە چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. هەروەها باس لە گەمارۆدانی هێزەکانی سەر بە ئاسایشی گشتی دەکرێت لەو شوێنە. 

چەکدارانی سەر بە رژێمی پێشووی سووریا، رێگەی لازقیە - جەبەلەیان گرتووە، هەروەها بە چڕی دەنگی تەقە لە گەڕەکی عەممارەی ناو شاری جەبەلە دەبیسترێت.

 





PM:10:41:06/03/2025