وەزارەتی كارەبا: لە پڕۆژەی ڕووناکی ڕەچاوی کەم داهاتەکان دەکرێت

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند"داوامان کردووە ئەوانەی کەمدەرامەت و هەژارن لە ڕووی نرخەوە پاڵپشتی زیاتر بکرێن".

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم بە میدیاکانی ڕاگەیاند"تا ئێستا بۆ پڕۆژەی ڕووناکیی کارەبای ٢٤ كاتژمێری هیچ نرخێکی فەرمی جێگیر نەکراوە، ئەوەی ئێستاش پیادە دەکرێت وەک ئەزموونە، بە سوودوەرگرتن لە تێچووی کارەبا بەپێی هەر کیلۆ واتێک هەژمار کراوە".

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا باسی لەوەشکرد"ئەوەی ئێستا لە ڕووی نرخ بۆ پڕۆژەکە پیادە دەکرێت، نرخەکە پاڵپشتیکراوە، لە قۆناغی یەکەمدا هەر کیلۆواتێک بە ٨٠ دینار هەژمار کراوە، لە کاتێکدا خۆی ١٥٠ دیناری تێچووە، یانی ٧٠ دیناری لەلایەن حکوومەت پاڵپشتی کراوە".

وتیشی"ڕەچاوی دۆخی گوزەرانی خەڵک دەکرێت و نرخەکان جیاوازییان دەبێت بۆ خەڵکی هەژار و مامناوەند، واتا بۆ کەسێک کارەبا بۆ خزمەتگوزاری بەکاربهێنێت نەک بۆ خۆشگوزەرانی، بەشێوەیەک دەبێ خەڵکی کەمدەرامەت و مامناوەند بە کەمترین خەرجی لە خزمەتگوزاریی کارەبای ٢٤ كاتژمێری سوودمەند بن، ئەوەش لە ئایندە بڕیاری لێ دەدرێت".




PM:02:04:11/03/2025