"تەرمی ژنێک کە تەلى ئاسن لە قاچ و ملى گرێدرا بوو دۆزرایەوە"

پۆلیسی ئاكرێ ڕایدەگەیەنێت" تەرمی ژنێک لە ئاوی زێی گەروەدا دۆزرایەوە كە مل و دەست و پێی بە تەلی ئاست بەرستراوە و خنكێندراوە". 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاكرێ، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" كاتژمێر (١١:٠٠)ی بەیانی ئەمڕۆ بنكەی پۆلیسی كەڵەك سەر بە بەشی پۆلیسی قەزای بەردەڕەش ئاگادار كرایەوە لە بوونی تەرمی ژنێک لە ناو ڕووباری زێی گەورە لە نزیگ گوندی زەنگل سەر بە ناحیەی کەڵەک". 

ئاماژەی بەوەشكرد، تیمەكانی پۆلیسی کەڵەک دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی شوێنی دیاریكراو و بە هاوكاری تیمەكانی بەرگری شارستانی قەزای خەبات توانیویانە تەرمی ئافرەتەكە لە ڕووباری زێی گەورە دەربهێنن و لێكۆڵینەوە دەستیپێكردووە. 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی ئاکرێ، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەركەوت كە لاشەی ئەو ئافرەتە بە تەلی ئاسن لە قاچ و ملی گرێ دراوە و پێی خنكێنراوە و دواتر خراوەتە زێی گەورەوە، دوای دەرهێنانی تەرمەكەی بەهۆی ئەوەی ماوەیەكی زۆر بەسەر خنكانیدا تێپەڕیووە، لاشەكە شێواوە و ناناسرێتەوە و نازانرێت تەمەنی ئەو ئافرەتە چەندە. 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا تەرمی ئەو ئافرەتە ڕەوانەى پزیشکى دادى هەولێر کراوە بۆ دیاریکردنى ناسنامە و شێوازى کوشتنەکەى. 

پۆلیسی ئاکرێ باسی لەوەشکردووە، بە بڕیارى دادوەر و بەپێى مادەى (٤٠٦) لە یاساى سزادان، دۆسیە بۆ ڕووداوەكە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە دەستى پێکردووە.



PM:03:56:13/03/2025