ژنە نوسەرێک دەستگیرکرا

نینا گوڵستانی نوسەری گیلەک و خەڵکی ڕەشت ناوەندی پارێزگای گیلان جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەسبەسەر کرا. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نینا گوڵستانی، چیرۆک نووسی خەڵکی ڕەشت دەسبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی لاکانی ئەو شارە گواسترایەوە. 

جەواد سەجادی ڕاد، هاوسەری نینا گوڵستانی، لە ئینستاگرامی خۆیدا بڵاویکردەوە" هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا کە سەرتا خۆیان بە کارمەندی کارەبا ناساندووە هێرشیانکردە ناو ماڵی ئێمە و بە نیشاندانی فەرمانی دەستبەسەرکران بەبێ هیچ بانگهێشتکردن یا ئاگادارکردنەوەی فەرمی تۆمارکراو لە سامانەی سەنا (ثنا) هەوڵی دەستبەسەر کردنی هاوسەرم نینا گوڵستانی و پشکنینی ماڵەوەیاندا". 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی" سەرەڕای دانانی بارمەتە، هاوسەری بە بەندیخانە گواسترایەوە".

جەختیشی لەوە کردەوە کە لێکۆڵەری لقی چوار بانگەشەی کردووە کە بڕی بارمەتەکە پێویست نییە و پێویستە تۆمەتبار دووبارە لە تۆمەتەکان ئاگادار بکرێتەوە.

نینا گوڵستانی، پێشتر لەلایەن لقی سێیەمی دادگای شۆڕشی ڕەشت، بە سەرۆکایەتی دادوەر مەهدی ڕاسخی بە تۆمەتی "پیلانگێڕی و هاوکاری" بە سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ و بە تۆمەتی تۆمەتی" پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" بە حەوت مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران مەحکوم کرابوو.



PM:06:13:13/03/2025