هەسەدە کوژرانی سێ چەکداری ڕاگەیاند

هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژرانی سێ چەکداری سەر بە تورکیا و برینداربوونی دوو کەسی دیکەیان ڕاگەیاند. 

ئەمڕۆ شەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیان، سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی بۆ سەر بەنداوی تشرین، قەرقۆزاک و کۆبانێ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ڕۆژانە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا پەرەپێدەدەن، بەبێ ئەوەی بەهۆی بەرخۆدانی شەڕڤانانمانەوە هیچ پێشکەوتنێک بەدەستبهێنن". 

هەسەدە ڕاشیگەیاندووە" لە میحوەری بەنداوی تشرین، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دوێنێ هەینی زنجیرەیەک هەڵمەتیان دەستپێکرد و دەوروبەری بەنداوەکەیان کردە ئامانج، لەوانەش خانووی کرێکاران، هەروەها گوندەکانی لادێی باشووری ڕۆژهەڵاتی منبجیان کردە ئامانج بە تۆپخانەی قورس و زیانی ماددیی بەرچاویان بە ماڵە مەدەنییەکان گەیاند، هەروەها خاڵێکی هێزەکانی ئێمەی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا یەکێک لە چەکدارەکانمان بە سوکی بریندار بوو". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە کاتێکدا گروپە چەکدارەکانی تورکیا خۆیان ئامادە دەکرد بۆ هێرشکردنە سەر خاڵەکانی هێزەکانمان؛ هەروەها یەکینەکانی شەهید هارون ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی گردبوونەوەکانیان ئەنجامدا و دوو کەسیان کوشت، هەر لەو چوارچێوەدا یەکینەکانی شەهید هارون فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانێکی خۆکوژی ئەو گروپەیان تێکشکاند کاتێک لە پێگەکانمان نزیک بووەوە و هەوڵی بە ئامانجگرتنیان دا". 

هەروەها هاتووە" لە بەرەی قەرقۆزاک فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەندین هەڵمەتیان بۆ سەر گوندی غەسق و وێستگەیەکی سووتەمەنی لە یەکگرتنی شارۆچکەی سەرین دەستپێکرد، هاوکات لەگەڵ تۆپبارانی توندوتیژ بە تۆپخانە قورسەکان و تانک و موشەکهاوێژەکان و گولـلە هاوەنەکان بۆ سەر گوندەکانی ئەلتینا، جەعدە، بیر حەسوو، غەسق، دیکان، مەلها و ئەلسەناعە و گردەکانی سەفی و قرقۆزاک، لە دەوری پردەکە، کە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بە زیاتر لە ١٨٠ گوللـە بۆردومانکران کە زیانێکی زۆری بە ماڵ و موڵکی دانیشتووان گەیاند، لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و بەکرێگیراوەکانیدا، شەڕڤانانمان ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا کە بنکە و قەڵاکانی داگیرکەر و بەکرێگیراوەکانی لە لادێی ڕۆژئاوای پردەکە کردە ئامانج". 

ئەوەش هاتووە" لە کۆبانێ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دوو هێرشیانکردە سەر چیای بەرکاڵ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری کۆبانێ، هاوکات تۆپبارانی قورسیانکرد و لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێکەوتەوە، هاوکات بە درێژایی دوێنێ فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەسەر شارەکە و لادێکانیدا بەردەوام بوون، ەروەها دوێنێ فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەردەوام بوون لە فڕین بەسەر شارۆچکەی عەین و لادێکانیدا". 

ئەوەشتی خستەڕوو، ژمارەی کوژراوانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا گەیشتە سێ کەس، هەروەها دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.



PM:11:25:15/03/2025