لە ساڵڕۆژی کیمیابارابی هەڵەبجەدا، سەرۆککۆماری عێراق جەخت لە هەماهەنگی نێودوڵەتیی دەکاتەوە بۆ بە دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکان، سەرۆکوزیرانی عێراقیش دەڵێت"عێراقییەکان ڕوبەڕوی خراپترین دیکاتۆر بونەوە".
لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند" تراژیدیای هەڵەبجە دەخوازێت هەنگاو بەرەوپێش بنێن بۆ چەسپاندنی دیموکراسیی و داواش لە کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی دەکات ڕێگریی لە بڵاوبونەوەی چەکە کۆکوژەکان بکات بۆ ڕاگرتنی جەنگ و چەسپاندنی سەقامگیریی".
لە پەیامەکەیدا سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لە گرنگی هاوکاریی و هەماهەنگی نێودەوڵەتی کردوەتەوە لەپێناو بە دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکان، باسی لەوەش کردوە دەبێت بە هاندانی هەمو لایەک پەلە بکرێت لە بەپاێزگابونی هەڵەبجە.
لەلایەکی دیکەوە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبێ ناوهێنانی هەڵەبجە باسی لە تاوانەکانی ڕژێمی پێشوی عێراق کردوە بەرامبەر عێراقییەکان و ئاماژەی بەوەداوە، بە شانازیی و خەمبارییەوە یادی هەزاران شەهیدی کۆمەڵکوژییەک دەکەنەوە.
سودانی وتوشییەتی"عێراقییەکان ڕوبەڕوی دڕندەترین و خراپترین دیکتاتۆر بونەتەوە کە ستەمی بەرامبەر پێکهاتەکان کردوە"...