ژمارەیەک ڕێکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و ئازادی میدیا و مافی ژنان لە کاردانەوەی بە رووداوی کوژرانی دوکتورە سانا و بنەماڵەکەی لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا جەخت دەکەنەوە سەر هەڵکشانی حاڵەتەکانی ژن کوژی لە هەرێمی کوردستان و دوپاتیدەکەنەوە کە بە کرداری هاوبەش و یەکگرتوو بۆ رێگریکردن لە ژنکوژیی لە کوردستان و بە بەرپرسیاردانانی ئەنجامدەرانی توندوتیژی هەوڵدەدەن".
ئەمرۆ دووشەممە ١٢ ڕێکخراوی چالاکی مافی مرۆڤ بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لەسەر کوشتنی تراژیدی د. سانا کەمال و خێزانەکەی بڵاوکردەوە.
ئەم ڕێکخراوانە تیشک دەخەنە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
-ئەم کردەوە قێزەوەنەی توندوتیژی کە مێردی د. سانا ئەنجامیدا دوای چەندین ساڵ خراپ مامەڵەکردن لە گەڵیدا پێویستی بە سەرنجدان و کرداری دەستبەجێ هەیە.
-ژنکوژیی پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و بۆتە کێشەیەکی بەربڵاو کە بەڕۆکی کۆمەڵگاکەمان بەر نادات.
-لە ساڵی ٢٠٢٤، (٤٠) حاڵەتی ژن کوژیی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و لەم ساڵدا تاوەکو ئەمڕۆ ١٥ ژن کوژراوە کە ٨ یان بە چەک کوژراون.
-لە ڕاستیدا، داتای گشتی بەردەست نیە لە سەر حاڵەتەکانی ژنکوژیی و زۆربەی جار ئەم حاڵەتانە ڕیپۆرت ناکرێت.
-نابێت هیچ ژنێک لە ژیانێکدا بێت کە لە ناو مەترسی توندوتیژی یان کوشتن بێت. هاوسەرگیری زۆرەملێ و زۆرلێکردن و دانانی کۆت و بەند لەسەر مافی ژن لە جێهێشتنی هاوسەرێکی خراپمامەڵەکار لە جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژین لە سەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی کە ڕێگە بۆ تاوانی ئاوا قێزەوەن خۆش دەکەن.
-ئەم کارەساتە وەبیرهێنەوەیەکە کە دەکرێت توندوتیژی بەرۆکی هەر کەسێک بگرێت – سەرەڕای ئاستی خوێندن و پیشە و پێگەی کۆمەڵایەتی یان ئایین.
-د. سانا بە درێژایی ژیانی هاوسەرگیری خۆی ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانیی دەبووەوە.
-ئێمە هاودەنگ و هاوشان دەبین بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی هەڕەشە لەسەر سەلامەتییان دەبنەوە
-ئەم رێکخراوانەی خوارەوە پابەندن بە کرداری هاوبەش و یەکگرتوو بۆ رێگریکردن لە ژنکوژیی لە کوردستان و بە بەرپرسیاردانانی ئەنجامدەرانی توندوتیژی و هەروەها کارکردن لە پێناو بنیاتنانی خێزانی تەندروست و کۆمەڵگای سەلامەت:
رێکخراوی سیید
رێکخراوی ئاسودە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان
رێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی
رێکخراوی ئاماژە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی
رێکخراوی مەسەلە (المسلە) بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
یەکێتی ژنانی کوردستان
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
رێکخراوی ئینما بۆ پەرەپێدانی مرۆیی
رێکخراوی موڤسەنتەر بۆ پرسەکانی مافی مرۆڤ
رێکخراوی تواناسازی ئافرەت
سەنتەری میترۆ بۆ ئازادی رۆژنامەگەری
تۆری هاوپەیمانی 19 بۆ ئازادی رادەربڕین