بنەماڵەی خالیدی خولە سوور لەسەر رووداوی ته‌قه‌كردنه‌كه‌ی‌ نێو كافێیەکی چوارچرا روونكردنه‌وه‌ ده‌دەن

دواینوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بنه‌ماڵه‌ی خالیدی خوله‌ سور ده‌رباره‌ی رووداوی ته‌قه‌كردنه‌كه‌ی‌ نێو كافێكه‌ی‌ چوارچرا روونكردنه‌وه‌یەکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" ئه‌وه‌ی ڕوویداوه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كارێكی پلان بۆ دانراو نه‌بووە". 

شێخ شاهۆ شێخ خالید سه‌رۆكی قه‌بیله‌ی غه‌واره‌، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاندووە" لە ڕۆژانی ڕابردوو شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵه‌ی برایه‌كی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكی تر زۆر بووه‌ته‌ جێی باسوخواس و به‌ زۆر شێوه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌، بۆیه‌ پێم خۆش بوو ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌ به‌ ڕای گشتی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بده‌م". 

دەشڵێت" ئه‌وه‌ی ڕوویداوه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كارێكی پلان بۆ دانراو نه‌بووه‌ و پێشینه‌ی نه‌بووه‌، نه‌ من و نه‌ هیچ كه‌سێكی تر له‌ براكانم و خانه‌واده‌كه‌م ئاگاداری نه‌بووین، به‌ڵكو هه‌ڵچوونێكی كتوپڕی نێوان دوو كه‌س بووه‌".

دەقی ڕوونکردنەوەکە: 

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی

لە پاش ڕێز و سڵاو

لە ڕۆژانی ڕابردوو شەڕ و دەمەقاڵەی برایەکی ئێمە لەگەڵ کەسێکی تر زۆر بووەتە جێی باسوخواس و بە زۆر شێوە قسەی لەسەر کراوە، بۆیە پێم خۆش بوو ئەم ڕوونکردنەوە بە ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بدەم:

1- ئەوەی ڕوویداوە بەهیچ شێوەیەک کارێکی پلان بۆ دانراو نەبووە و پێشینەی نەبووە،  نە من و نە هیچ کەسێکی تر لە براکانم و خانەوادەکەم ئاگاداری نەبووین، بەڵکو هەڵچوونێکی کتوپڕی نێوان دوو کەس بووە، هەرچەندە پێموایە هەمیشە دەبێت دەست بۆ فاکتەرە خێرەکان ببرێت لە هەڵچووندا، بەڵام ئەوەشی ڕوویداوە بەهێندەی ئەوە گەورە نییە کە سۆشیال میدیای ئامانجدار گەورەی کردووە و هەرزوو نزیکبووینەوە لە چارەسەری بابەتەکە .

2- لە هەندێک پەیج و میدیا بەداخەوە وا خراوەتەڕوو کە ئەوەی ڕوویداوە بەمەبەست و بۆ تێکدانی ئارامیی شاری سلێمانی بووە. جگە لەوەی بەهەموو شێوەیەک ئەو لێکدانەوانە ڕەت دەکەینەوە، بەپێچەوانەوە  بەبیریان دەهێنمەوە کە من هەمیشە یەکێک بووم لەوانەی داوای پارێزگاریی ئەمن و ئاسایشی ئەم شارەم کردووە لە بۆنە جیاوازەکان و پەیامەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنیش. بۆیە هەمیشە پێزانینمان هەبووە بۆ هێزە ئەمنییەکان و هەماهەنگ بووین. ئێمە نفوز و پێگەی جەماوەری و ژیانمان لەم شارە و سنوورەکەیەتی، چۆن دەکرێ و دەگونجێت دژایەتی بکەین! بەپێچەوانەوە کەس لە خۆمان بۆ ئەم شارە بە دڵسۆزتر نازانین.

3- هەرچەندە لەم جۆرە شەڕ و دەمەقاڵەیانە ڕۆژانە لە شارەکانی کوردستان ڕوودەدات، کە ئێمە خوازیارین ڕوونەدات، بەڵام هیچیان بەقەد کێشەیەکی بچووکی ئێمە گەورە ناکرێت. ئێستا یەکلاییکردنەوەی ئەو دەمەقاڵەیەی ڕوویداوە لای یاسایە، ئێمەش بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لە یاسا دەکەین و تاوەکو ئەوپەڕی هاوکار دەبین، هەر لە شەوی ڕووداوەکە کە کەسێک وەک تەقەکەر دەستنیشان کرابوو، ڕادەستی یاسا و لایەنە ئەمنییەکان کرا. 

شێخ شاهۆ شێخ خالید
سەرۆکی قەبیلەی غەوارە
١٨-٣-٢٠٢٥



PM:05:00:18/03/2025