" بە ئەگەری زۆر سبەی خشتەی مووچە رادەگەیەنرێت"

ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی هەرێم كۆتایی هات و عێراق سبەینێ‌ بڕی زیاتر لە ٩٥٤ ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی ٣ی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە دەكات و هەر سبەینێ‌ دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت و خشتە ڕادەگەیەنرێت.

میدیاكانی پارتی لە زاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بڵاویانكردەوە، ئەگەر سبەی چوار شەممە پارەی تەواوی مووچە بێتە سەر هەژماری بانكی هەرێم، دەستبەجێ خشتەی مووچە بڵاودەكەنەوە و مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەكرێت.

وتیشی" لەماوەی سێ ڕۆژدا واتە ڕۆژانی (پێنج شەممە و هەینی و شەممە) سەرجەم وەزارەتەكان مووچە وەردەگرن".

ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچە کە بڕەکەی زیاتر لە ٩٥٤ ملیار و ٨٨٠ ملیۆن دینارە وەک تەموویلی مووچەی مانگی ٣ی مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە تەواو کرا".

ئاشكراشی كردووە، بڕیارە سبەی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.



PM:08:06:25/03/2025