یاریدەدەری سەرۆکی تورکیا: پێویستە کوردی سووریا هەموو مافێکی هەبێت

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا دەڵێت، دەبێت دەم پارتی داوا لە پەکەکە بکات، پابەندی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێت. لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیش دەڵێت، "پێویستە کوردی سووریا هەموو مافێکی هەبێت."
 
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، "چەقبەستووییەک لە پرۆسەکەدا نییە. پرۆسەکە بەردەوامە. بە ئەرێنی دەیبینم و قۆناخ بە قۆناخ دەچێتە پێشەوە، بەڵام ئەوەی پێویستە بکرێت ئەوەیە، درەنگ نەخرێت و کەسیش بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست نەکات."
 
یڵماز بانگەوازەکەی ئۆجەلانی بە قۆناخێکی گرنگ ناوبرد و وتی، تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەکەکەدایە، واتە چاوەڕوانی هەیە پەکەکە رۆژی کۆنگرە دیاری بکات و بڕیار بدات.
 
وتیشی "ئۆجەلان ئێستا لە ئیمراڵییە، بەڵام ئەو بانگەوازی بۆ رێکخراوی تیرۆریستی هەیە؛ بۆیە رێکخراوەکە نابێت بە هیچ بیانوویەک بانگەوازەکە جێبەجێ نەکات."
 
ئاماژەی بەوەشکرد  "دەوڵەت دامەزراوەی پەیوەندیداری هەیە. ئەگەر پێویست بە ناردنی پەیامێک بکرێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت ئەوەی پێویست بێت دەیکەن."
 
لەبارەی رۆڵی دەم پارتی لە پرۆسەی چارەسەری، یڵماز وتی، "دەم پارتییەکان وەک پێویست ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ ناکەن. ئەوان پێویستە بە پەکەکە بڵێن: ئەوەی ئێوەی دامەزراندووە، بانگەوازی بۆ کردوون تاوەکو کۆنگرە ببەستن و خۆتان هەڵبوەشێننەوە. ئێمەش وەک پارتێک کە داکۆکی لە دیموکراسی دەکەین، هەمان بانگەواز دەکەین. پێویستە وەها بڵێن؛ پێویستە بەڕوونی ئەوە بڵێن. من تاوەکو ئێستا شتێکی وەهام لە دەم پارتی نەبیستووە."
 
یڵماز رێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی بە گرنگ ناوبرد و وتی، "سیاسەتی ئێمە لە بەرامبەر سووریا زۆر روونە. ئێمە سووریایەکی یەکپارچە و سەقامگیرمان دەوێت کە تێیدا هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان پێکەوە بژین. وەک چۆن ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێمەیە، لە رووی مرۆڤایەتییەوەش راسترینیان ئەوەیە، سووریایەکی ناسەقامگیر زیانی بۆ تورکیا دەبێت. بینیمان لە 13 ساڵی رابردوودا سووریایەکی پڕ شەڕوپێکدادان، چ بەرهەمێکی بۆ تورکیا هەبوو."
 
لەبارەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان وتیشی "باوەڕمان وایە، دەبێت ئەو کوردانەی لەوێ دەژین، خاوەنی هەموو مافێکی خۆیان بن. بەڵام لە هەمان کاتتدا ناشتوانین چاوپۆشی لە پێکهاتەیەکی تیرۆر بکەین کە هەڕەشە لەسەر تورکیا دروست بکات."






PM:03:32:26/03/2025