فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە راگەیەنراوێکدا ئیدانەی دابەشکردنی نادادپەروەرانەی دامەزراندنی پۆلیسی پارێزگاکە دەکات و دەڵێت" کوردەکان تەنیا (٧) پلەی وەزیفیان بەدەست هێناوە بە بەراورد بە (١٤٩) دامەزراندن بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو".
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی ئازار فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" بەتوندی ئیدانەی ئەو هەڵوێستە پەراوێزخستنە دەکەین کە بەرامبەر پێکهاتەی کورد و پێکهاتەکانی تر لە کەرکوک پەیڕەو دەکرێت کە لەم دواییانەدا بەشێوەیەکی مەترسیدار لە دابەشکردنی نادادپەروەرانەی دامەزراندن لە پۆلیسی پارێزگاکەدا دەرکەوت کە کوردەکان تەنیا (٧) پلەی وەزیفیان بەدەست هێناوە بە بەراورد بە (١٤٩) دامەزراندن بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو کە ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی خولەکەیان دەست بەکاربوون".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیاندا جەخت لە ناداپەروەری بەردەوام لە دژی پێکهاتەی کورد لە کەرکوک دەکاتەوە و دەڵێت" بەردەوامبوونی ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی نوێنەرایەتی کورد لە فەرمانگەکانی دەوڵەت لە کەرکووک بۆ کەمتر لە ٪١٥ کە پێشێلکردنێکی ئاشکرای بنەماکانی دادپەروەری و هاووڵاتیبوونی یەکسانە کە لە دەستووردا دەستەبەر کراوە کە خەڵکی عێراق دەنگیان پێ داوە".
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشیاندا هاتووە"داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین پێداچوونەوە بەم ڕێوشوێنە نادادپەروەرانە بکات و هەنگاوی دەستبەجێ بنێت بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ناهاوسەنگییە و دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ هەمووان. لە هەمان کاتدا داوا لە حکومەتی خۆجێی دەکەین ئەم نادادپەروەرییە ڕەتبکاتەوە و ڕێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە سەرکەوتنی ئەم پیلانە ڕەگەزپەرستییە کە بە بیانووی لاواز ئەنجامدراوە."