بارانبارینی بەخوڕ و هەورە بروسکە دەستپێدەکات

کەشناسێکی دیاری عێراق ڕایدەگەیەنێت" لە یەکەم ڕۆژی جەژندا کاریگەری بارانبارین فراوان دەبێت و ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور و باشووریش دەگرێتەوە". 

ڕیاز قورەیشی کەشناسی دیاری عێراق، لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە" بارانبارین و هەورەبروسکە لە ڕۆژئاوای وڵاتەوە دەستپێدەکات و بە سوکی کاریگەری لەسەر ئەنبار و بیابانی نەجەف دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ئازار بارانبارینەکە فراوانتر دەبێت و ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور و باشووریش دەگرێتەوە کە ڕەشەبایەکی سووک و پچڕپچڕی لەگەڵدا دەبێت. 

قورەیشی ئەوەشی خستەڕوو، کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە لە هەندێک کاتدا لە ناوچەکانی باکوری وڵاتدا زۆر دەبێت کە پێشبینی بارانبارینی زۆرتر دەکرێت.

پێشتریش کەشناسی عێراق ڕایگەیاندبوو" پێشبینیدەکرێت لە چەند ناوچەیەکی وڵات هەورەبروسکە و بارانبارین دەستپێبکات، بە پشتبەستن بە وێنەی مانگە دەستکردەکان". 

ئاماژەی بەوەشکردبوو، کاریگەرییەکانی بارودۆخی کەشوهەوا ڕۆژی یەکشەممە درێژدەبێتەوە و ناوچە جیا جیاکان و شارەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوا و باکوور دەگرێتەوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ لە پارێزگاکانی نەینەوا، دهۆک، هەولێر، و کەرکوک دەبێت. 

هەروەها داواشی لە هاوڵاتییان کرد لە کاتی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا خۆپارێزی بکەن.



AM:12:04:30/03/2025