بەلێن ساڵح ڕۆژنامەنوسی دیاری کورد کۆچی دوایی کرد

بەڵێن ساڵح میدیاکاری دیاری کوردی دەنگی ئەمەریکا کۆچی دوایی کرد. 

ئەمڕۆ ٣٠ ی ئازار بەڵێن ساڵح رۆژنامەنووسی دیاری کوردستان لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریکا بە نەخۆشی جەڵتە کە ئەمڕۆ تووشی بووە، کۆچی دوایی کرد.

بەڵێن ساڵح لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، سەر و سەودای لەگەڵ نووسیندا پەیداکردووەو تا دوا ساتەکانی ژیانیشی جگە لە کاری رۆژنامەنووسی زۆر ئارزەووی شیعیری کردووە، زۆر عاشقی خوێندنەوەی هەڵبەستەکانی مەحوی بووەو لای ئەو تام " چێژێکی سۆفیانەی پێبەخشیووە " وەک خۆی باسی دەکات و دەڵێت " کە ڕێک و ڕەوان دەمکاتە دەروێشێکی حاڵ گرتوی ناو ئەم خانەقا پاکیزەییەی هەڵبەست".

بەڵێن ساڵح لە سەرەتاکانی ساڵانی نەوەتەکانەوە دەستیکردووە بە کاری ڕۆژنامەگەری و لە ژمارەیەک گۆڤار و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی هەرێمی کوردستانی عێراقدا کاری کردووە.

لە ساڵی ١٩٩٦ لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژیاوەو لە مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٩٩ وە کارمەندبووە لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکاو چەندجارێک پۆستی گرنگی لە بەشی کوردی ئەو میدیایەدا وەرگرتووە.

بەڵێن ساڵح ساڵی ١٩٦١ لە شارۆچکەی هەڵەبجەی کوردستانی عێراق لەدایک بووە، ئەو کاتە باوکی لەو شارەدا دادوەر بووە.

هەر بەهۆی کارکردنی باوکیەوە پۆلی یەکەمی سەرەتایی لە شاری شەقڵاوە ی پارێزگای هەولێر تەواوکردووە، پۆلی دووش لە هەڵەبجە و دواتر لە خوێندنگەکانی بێکەس و گۆران لە شاری سلێمانی قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە.

قۆناغی ئامادەیی لە هەردوو ئامادیی سەڵاحەدین لە شاری سلێمانی و دواناوەندی ڕانیە لە شاری ڕانیەی بناری کێوەڕەش خوێندووه.

دوا قۆنا غی خوێندنیش لە بەغدا، لە پەیمانگەی بەڕێوەبردنی ڕەسافە تەواوکردووە.

بەڵێن ساڵح خانەوادەیەکی ناسراوی سلێمانین و دایکی رووناک رەوف یەکێک بووە لە ژنە چالاکوانە دیارەکانی کوردستان، باوکیشی دادوەرێکی ناسراو بووە، هەروەها برای بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی عێراقەو خانەوادەکەیان لە سێ براو خوشکێک پێکهاتووە.

وێنەیەکی مناڵی بەڵێن ساڵح کە دووەم مناڵی گەورەی وێنەکەیە لەگەڵ دایک و باوک و براو خوشکەکەی.

 




PM:08:06:30/03/2025