کەشناسێک: هەورە بروسکە و تاوە باران دەستپێدەکاتەوە

شارەزایەکی بواری کەشوهەوا ڕایدەگەیەنێت" لە ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەوە ھەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری ناجێگیری کەش و بەرگە ھەوا و ھەورە بروسکە و تاوە باران دەستپێدەکاتەوە". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ماوەی ڕابردوودا بەبڕ و رێژەی جیاواز بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دھۆک کاریگەری زیاتر بوو و بەگشتی کاتەکانی ئەمڕۆ تا ئێوارە کەش لە زۆربەی ناوچەکان زیاتر سەقامگیر دەبێت و لە ھەندێک کات و شوێنیشدا کەڵەکە ھەورەکان چردەبنەوە و ئەگەری تاوە باران و ھەورە بروسکە دەبێت لە ئێوارەوە بە تەواوی کۆتای پێدێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی سێشەممە ئاسمانی ھەرێم بە زۆری ساماڵ و ھەندێ پەڵە ھەوری کەم دەبێت، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ چوار پلە بەرزدەبنەوە و خێرای با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند (١٠ - ٢٠)کم دەبێت. 

ئاراس جەبار ئەوەشی خستەڕوو، دووسبەی چوارشەممە ھەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری ناجێگیری کەش و بەرگەھەوا لە ئەنجامی چالاکبوونەوەی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور بۆ سەر ناوچەکان لە کات و شوێنی جیاوازدا ھەورە بروسکە و تاوە باران دەستپێدەکاتەوە کە لە ھەندێ شوێندا تەنھا نمە باران دەبێت و لە ھەندێ شوێنیش بارانەکان مامناوەند و باش دەبن بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و کاریگەری ئەو ناجێگیریەش ئێوارەی ھەمان رۆژ کۆتای پێدێت. 



PM:01:05:31/03/2025