شارەزایەکی کەشناسی رایگەیاند" ئەمڕۆکە ئاسمان سامال دەبێت و لە سبەینێ چوارشەممەوە تاوەباران و هەورە بروسکە دەستپێدەکاتەوە".
ئاراس جەبار، شارەزای كەشوهەوا بڵاوی كردەوە"ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمانی هەرێمی كوردستان بەزۆری ساماڵ و هەندێك پەڵە هەوری كەم دەبێت ، پلەكانی گەرما بەڕاورد بە دوێنێ چوار پلە بەرزدەبێتەوە".
وتیشی"چوارشەمە هەرێمی كوردستان دەكەوێتەوە ژێر كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سور و لەكات و شوێنی جیاوازدا هەورە بروسكە و تاوە باران دەستپێدەكاتەوە، لە هەندێك شوێن تەنیا نمە باران دەبێت و لەهەندێك شوێن باران بارین مامناوەند و باش دەبێت".
لەلایەكی ترەوە، بەڕێوبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی بڕی باران بارینی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی بڵاوكردەوە و دەڵێت" زۆرترین باران بارین لەهەولێر بوە، کە ١٣.١ ملیمەتر بوە و كەمترین بڕی باران بارینیش لە هەڵەبجە بوە و ٠.٢ ملیمەتر بووە".
بە گوێرەی ئامارەکانی بەریوەبەرایەتی کەشناسی لە دووەم ڕۆژی جەژندا زۆرترین باران لە ناحیەی دینارتە باریوە کە ٣٩.٦ ملیم باران بووە و کەمترینیش لە ناحیەی مەیندا بووە کە سفر بووە.