کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم بارانبارین بەردەوام دەبێت، لە هەندێک شوێن تەرزەی لەگەڵ دەبێت، پلەکانی گەرماش ٣ بۆ ٥ پلە دادەبەزن، هاوکات بەشێک لە هاولاتیانی دهۆک دەڵێن بەهۆی لافاوەوە زیانی بەرچاویان پیگەیشتووە.
بەڕێوەبەرایەتی و کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە ئەنجامی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور لە زۆربەی ناوچەکان بارانبارین بەردەوام دەبێت و هۆشدارییش دەدات لە هەندێک شوێن تەرزەی لەگەڵ دەبێت.
باسی لەوەش کردوە، لە زۆرێک لە ناوچەکان، شێوازی دابارین هەندێک جار دەگۆڕێت بۆ بارانی بەلێزمە و هەورە بروسکە و بەهۆی ئەوەی لە وەرزی بەهاریشداین هەندێک جار لە هەندێ ناوچە تەزرەشی لەگەڵدا دەبێت و پلەکانی گەرما ٣ بۆ ٥ پلە نزم دەبنەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینیشی کردوە، شەپۆلەکە لە درەنگانی ئەمشەو کۆتایی بێت و سبەینیش ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچەهەور دەبێت، پلەکانی گەرما ١ بۆ ٢ پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ .
بەگوێرەی زانیاریەکان کاتژمێر پێنج و نیو بۆ حەوتی بەیانیی ئەمڕۆ، بارانێکی بە لێزمە سنوری پارێزگای دهۆکی گرتەوە، بەوهۆیەوە لە گەڕەکی معەسکەری لە کۆمەڵگەی دومیز، لافاو دروست بو و ئاو چوەتە نزیکەی ١٠ مـاڵی هاوڵاتیان و زیان بە ماڵەکانیان گەیشتوە.
ئاماژەی بەوەش کرد" لە قەزای سێمێل بەهۆی کۆبونەوەی ئاو لەسەر ڕێگاکان، روداوێکی هاتوچۆ لە جۆری پێکدادان لە نێوان پێنج ئۆتۆمبێلدا ڕووی دا".
هاوڵاتییانیش دەڵێن" زیانێکی زۆر بە ماڵەکانیان گەیشتەوە و ڕەخنەی ئەوەش دەگرن بەهۆی نەبونی خزمەنگوزارییەکانەوە، هەر کاتێک باران دەبارێت ئاو دەچیتە ماڵەکانیان و زیانێکی زۆیان بەردەکەوێت، بە وتەی ئەوان، ئەمڕۆ ئاوی چووەتە نزیکەی دە ماڵ ، داواش لە حکومەت دەکەن، خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکەکەیان جێبەجێ بکەن و ڕێگاکەیان بۆ چاک بکەن".