ڕۆژی چوارشەممە نرخی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی دیاری دەکرێت

بڕیارە رۆژی چوارشەممە، بڕیار لەبارەی دیاریکردنی نرخی کارەبای پرۆژە رووناکی بدرێت و دیاریکردنی نرخەکەش بەسەر چەند ئاستێکدا دابەش دەبێت.

بڕیارە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەمەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، نرخی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی دیاری بکرێت. 

بەپێی زانیارییەکان، ئەو نرخەی دیاری دەکرێت، دابەش دەبێت بەسەر چوار ئاستدا، کە لە سفر بۆ  ٤٠٠ کیلۆوات  و لە ٤٠٠  بۆ٨٠٠ کیلۆوات بە نرخێکی کەم دادەنرێت، بەڵام لە  ٨٠٠ بۆ ١٢٠٠ کیلۆوات، بە نرخی مامناوەند و ١٢٠٠ کیلۆوات بۆ سەرەوە، نرخەکەی گران دەبێت.

پرۆژەی رووناکی کە ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردوە، تێیدا کارەبای بەردەوام بۆ هاوڵاتیان دابین دەکرێت، بەڵام تا ئێستا نرخەکەی یەکلایی نەکراوەتەوە و لەوناوچانەش کە پڕۆژەکە جێبەجێکراوە بڕە پارەیەکی زۆر بۆ هاوڵاتیان هاتوەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی چوارشەممە لە سەرانسەری عیراق پشووی فەرمییە و دیارنییە ئەو کۆبوونەوەیە دەکرێت یا خود دوادەکەوێت



PM:01:53:06/04/2025