"نرخی كارەبا ٢٤ كاتژمێرییەكە بۆ ماڵێک کەمتر لە ١٨٠ هەزار دینار نابێت"

بریکاری پێشووی وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لە كارەبا ٢٤ كاتژمێرییەكەدا هیچ ماڵێك مانگانە لە ١٨٠ هەزار دینار كەمتری بۆ نایەتەوە". دەشڵێت" ئەگەر دەستکاری نرخەکەی نەکرێت، هاوڵاتییان توانای بەکارهێنانی کارەبایان نابێت". 

كامیل قەزاز بریكاری پێشووی وەزارەتی كارەبای هەرێم، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (کەی ئێن ئێن) ڕایگەیاند" ئەگەر دەستکاری نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری نەکرێت، هاوڵاتییان توانای بەکارهێنانی کارەبایان نابێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی وەزیران نرخی كارەبای ٢٤ كاتژمێری دادەنێت و هیچ پرسێکیان بە وەزارەتی پلاندانان نەکردووە لەم بابەتەدا.

قەزاز ئەوەشی خستەڕوو هەرماڵێك لە هەرێم مانگانە ١٠٠٠ بۆ ١٢٠٠ یەکەی كارەبا بەكاردەهێنێت، بەمەش لە كارەبا ٢٤ كاتژمێرییەكەدا هیچ ماڵێك مانگانە لە ١٨٠ هەزار دینار كەمتری بۆ نایەتەوە.

کامیل قەزاز دەشڵێت" نرخی هەر کیلۆواتێک لەسەر پیشنیازی وەزیری کارەبا بە ١٥٦ دینار دیاریکراوە، لەو بڕوایەشدابوو کە ئەگەر نرخی هەر کیلۆواتێک بکرێتە ٤٠ دینار گونجاو دەبێت و بۆ هاوڵاتییانیش نابێتە بارگرانی". 



PM:02:05:10/04/2025