دوای چەند جارێک دواخستن، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدرێت.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت و خاڵی یەکەمیشی بریتییە لە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە.
بڕیاربوو مانگی ڕابردوو دەنگ لەسەر پرۆژە یاساکە بدرێت، بەڵام بە هۆی پابەندنەبوونی شیعە و سوننە بە بەڵێنەکان و جێبەجێنەکردنی ئەو ڕێککەوتنەی لەوبارەیەوە کرابوو، چەند جارێک دانیشتنەکە دواخرا.
دواتر پەرلەمانتارانی کورد بڕیاریاندا بەشداری هیچ دانیشتنێک نەکەن کە تێیدا دەنگ لەسەر پرۆژە یاساکە نەدرێت، هەر بەو هۆیەشەوە دانیشتنێکی هەفتەی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق پەکی کەوت کە کورد بەشداری تێدا نەکرد.
لە ئەگەری پەسەندکردنی پرۆژە یاساکەدا، هەڵەبجە دەبێتە ١٩یەمین پارێزگای عێراق.