وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەڵوێستی خۆی لەبارەی مەرجەکانی هەڵەبجە بۆ ناساندنی وەک بازنەیەكی سەربەخۆی هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ڕاگەیاند و دەڵێت" پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن".
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە" پێویستە پرسی پەسەندکردنی هەڵەبجە وەک بازنەیەكی هەڵبژاردن وەربگێڕدرێتە سەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکان بۆ ئەم پارێزگا نوێیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە پێشوەختە، بەو پێیە دەبێت یاساکە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە پەسەند بکرێت و دواتر لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوبکرێتەوە، دواتر بە دەرکردنی فەرمانی كوماری بۆ دامەزراندنی ئەم پارێزگایە و دیاریکردنی سنوورە ئیدارییەکانی جێبەجێدەکرێت.
جومانە غەلای ڕوونیشیکردەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دامەزراندنی بازنە خۆجەییەكان، لە نێویاندا فەرمانگەی هەڵبژاردن، و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەم پارێزگایە، بەپێی ژمارەی دانیشتوانەکەی.