جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان وەڵامی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەداتەوە و دەڵێت "بەگوێرەی یاسا، نەوەی نوێ ناتوانێت ئەو کارە بکات".
رۆژی سێشەممە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و نوسیویەتی "ئەگەر پەرلەمانی کوردستان لە دوو هەفتەی داهاتوودا کۆنەبێتەوە، ئێمە هەڵیدەوەشێنینەوە".
دواتر هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ بە میدیای پارتی وت "ئێستا نە نەوەی نوێ و نە هیچ لایەنێک ناتوانێت پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، چونکە سوێندخواردن کراوە و ئێستا بە فەرمی پەرلەمان هەیە، تەنیا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردراوە".
ناوبراو رونیشیکردەوە "لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی کۆبوونەوەی دیاریکرد. ئەگەر کۆبوونەوەکە نەکرایە لەو رۆژەی دیاریکرا، دوای ٤٥ رۆژ پەرلەمان هەڵدەوەشایەوە، بەڵام کۆبوونەوە کرا و دەرچووان سوێندی یاساییان خوارد و بوونە پەرلەمانتار".
شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند"ئەگەر لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان کۆنەبێتەوە، پەرلەمان هەڵدەوەشێنینەوە".