ئەمڕۆ پێنج شەممە دەستەی کەشناسی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاری رەوشی کەشوهەوای بۆ ڕۆژانی داهاتوو ڕاگەیاند کە تیایدا پێشبینی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکات.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی دەستەکە، سبەی هەینی ئاسمان لە تەواوی ناوچەکە ساماڵ دەبێت، لەگەڵ هەندێک پەڵە هەور و ئەگەری باران لە ناوچەکانی باکوور بە تایبەتی ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک هەیە، پلەکانی گەرماش چەند پلەیەک بەرزدەبێتەوە لە سەرانسەری وڵاتدا و مەودای بینین لە نێوان (٨ - ١٠) کم دەبێت.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پلەکانی گەرما بۆ سبەی هەینی بەمشێوەیە دەبێت، لە بەغدا و هەولێر ٢٦ و لە کەرکوک و ئەنبار ٢٧ و لە دیالە و سەڵاحەدین ٢٨ و لە سلێمانی ٢٣ و لە کەربەلا ٢٩ و لە نەجەف و واست ٣٠ و لە بەسرە و زیقار و موسەننا ٣٢ پلە دەبێت.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بۆکردووە، ڕۆژی شەممە ئاسمان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەبێت و لە ناوچەی باشووریش ئاسمان ساماڵ دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بارانبارینێکی سووک لە ناوچەکانی باکوور و بەشە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک، هەروەها پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزدەبنەوە.
بۆ ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووش کەشناسی عێراق پێشبینی دەکات، ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزدەبنەوە لە سەرانسەری وڵاتدا.
هەروەها لە کۆتاییدا دەستەکە روونیشیکردەوە، بۆ ڕۆژی دووشەممە ئاسمان لە تەواوی ناوچەکان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بارانبارین لە پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاحەدین، و پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزدەبنەوە لە سەرانسەری وڵاتدا.