هیوا ئەفەندی:سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچە دەگاتە بەغداد

لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادەکرا و بڕیارە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ داهاتی ناوخۆ ڕەوانەی بەغدا بکرێت.

میدیای پارتی لەزاری هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، ڕۆژی یەکشەممە یان دووشەممە، شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ خۆیان لیستی مووچە ببەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، لیستی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی و خانەنشینان تەواو بووە و هیچ کێشەیەکی نەماوە.

هاوکات ڕێباز حەملان، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، ڕایگەیاندووە، ڕۆژی یەکشەممە یان دووشەممە لیستی مووچە بۆ بەغدا دەنێردێت، و کێشەیەکی ئەوتۆ لەبەردەم خەرجکردنی پارە نییە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت وردبینیکردن زوو تەواو بێت و پارە زوو بنێردرێت.

ڕوونیشیکردۆتەوە، لەگەڵ گەیشتنی لیستی مووچە، لە وەزارەتی دارایی عێراق وردبینیکردن و ڕێکارەکانی خەرجکردنی پارە دەستپێدەکەن، ڕێککارەکان لە بەغدا هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوون و چەند ڕۆژێکیان پێدەچێت.

سەبارەت بە خەرجکردنی مووچەی مانگی چوار، ڕێباز حەملان ئاشکرایکردووە، کە پێشبینی دەکرێت پێش تەواوبوونی مانگی چوار، پارە بنێردرێت و دابەشکردنی مووچە دەستپێبکات.



PM:08:08:17/04/2025