لە ڕوبەڕوبونەوەی نێوان دو بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و هێزەکانی ئاسایش لە سنوری قەزای پشدەر، بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان کوژرا، دەستیش بەسەر شەش کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیرا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" لە ئۆپەراسیۆنێکیاندا بۆ دەستگیرکردنی دو بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە ناوچەی کورتەکی سەر بەقەزای پشدەر، تۆمەتباران بە چەک ڕوبەڕوی هێزەکانیان بونەتەوە. دەشڵێت، لە ئەنجامدا یەکێک لە بازرگانەکان، بریندار بوە و دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بۆی، گیانی لەدەست داوە و ئەوی تریشیان دەستگیر کراوە و دەستیش بەسەر شەش کیلۆ مادەی هۆشبەردا گیراوە".
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕو، لە ماوەی ڕابردودا، هەردو بازرگانەکە لە نێوان تۆڕەکانی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر لە شارەکانی دهۆک، هەولێر، سۆران، زاخۆ کاری گواستنەوە و بازرگانیکردنیان بە ماددەی هۆشبەریان کردووە و چەند جارێکیش ترانزێتی ماددەی هۆشبەریان بۆ وڵاتی تورکیا کردوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەش کردوە"لە ئێستادا یەکێک لە تۆمەتبارەکان بەگوێرەی ماددەی (٢٥) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە".