سەرۆكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت" شاسوار عەبدولواحید هەموو هەڵبژاردنێك قۆڵی خەڵك دەبڕێت". دەشڵێت" چارەنوسی نەوەی نوێش چارەنوسی گۆڕانی دەبێت".
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، ئەمشەو شەممە لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای حزبەکەی رایگەیاند" حزبەکەی رۆژ بە رۆژ بەرز و بەرزتر دەبێت، نابێت وازبهێنین و کۆڵبدەین لە خزمەتکردنی گەلی کورد".
لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە، بافڵ تاڵەبانی وتی" پەیوەندییەکانمان زۆر باشە و بەردەوام بەرەوپێش دەچێت".
سەبارەت بە پرسی هاوسەرۆکی، سەرۆکی یەکێتی دەڵێت" حەزم لە سەرۆکایەتی و هاوسەرۆکی نەبو، پێشنیار کرا سێ سەرۆکایەتی هەبێت، هاوسەرۆکییەکەمان ئەزمونێکی تاڵ بوو بۆ من و حزبیش".
لەبارەی لاهور شێخ جەنگی بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند" هیچ پەیوەندیم لەگەڵ لاهور جەنگی نەبووە و هەرگیزیش نابێت، هیچ سودی بۆ حزب و بۆ کەس نییە، ئەو وای لە خۆی کرد، کەسێک لە دواوە خەنجەرت لێبدات، شایەنی لێبوردن نییە".
سەبارەت بە کێشەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، تاڵەبانی هێمای بۆ ئەوەکرد" کاری خۆیانە و لەگەڵ هەردوو لایەندا دادەنیشین، بەڵام گۆڕان کوردستانی تێکدا و باڵانسی هاوسەنگی تێکدا، زۆر قورسە گۆڕان ببێتەوە بە گۆڕانێکی بەهێز".
دەشڵێت" کاک شاسوار بەرنامەیەکی هەیە کە خۆی ئەزانێ ناتوانێت جێبەجێیبکات، لە هەڵبژاردندا بەڵێن دەدات و قۆڵی خەڵک دەبڕێت، ئەو سیاسەت بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت، چەند هەڵبژاردنێکی تر چارەنوسی کاک شاسوار وەک چارەنوسی گۆڕان دەبێت، با کورسییەکانی خۆیمان بداتێ من سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هەرێم دەبەم،
بەڵام نایدات و هیچ ناکات".
سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ مەسعود بارزانی رایگەیاند" هیچ پەیوەندییەکمان نییە، بەڵام پەیوەندییەکم لەگەڵ کاک مەسرور و کاک نێچیرڤان بارزانی هەیە، من کێشەی تایبەتییم لەگەڵیان نییە، چەند دانیشتنێکمان هەبووە لەگەڵ کاک مەسرور باوەڕیشم وایە دەتوانین متمانە بەیەکتر بکەین ئەگەر دەوروبەر لێمان تێکنەدەن".
سەبارەت بە بانگەشەکانی لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، بافڵ تاڵەبانی وتی" لە هەڵبژاردنەکاندا هەندێک بەڵێنم بە خەڵکی دا کە دەڵێم دەیروخێنم، واتای ئەوە نیە کە حکومەت دەروخێنم، بەڵکو مەبەستم ئەوە بوو کە یەک حزبی نامێنێت، لەگەڵ کاک مەسرور کۆدەبینەوە و دڵم بە کۆبونەوەکان خۆشە، ئەنجامی باشی دەبێت، ئەگەر لێمان تێکنەدەن".
ڕوونیشیکردەوە، ئەم ناوچەیە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، مەسرور بارزانیش ئەوە دەزانێت، زۆر ئاساییە لە کوردستان یەکتر بدرێنین، بەڵام دەبێت لە بەغدا بەشێوازێکی دیکە سیاسەت بکەین.
وتیشی" من سیاسەت لە بەغدا دەکەم، هەولێر پایتەختی کوردستانە و بە تەنها موڵکی حزبێک نییە، گرنگە لە هەولێر مەکتەبی سیاسیمان هەبێت، بەغدا پایتەختی عێراقە و زۆرینەی بڕیارەکان لە بەغدا دەدرێت، سیاسەت لە بەغدا دەکرێت، بۆیە مەکتەبی سیاسیمان لە بەغدا هەیە".
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پرۆژەی (هەژماری من)، دەڵێت" پڕۆژەکە زۆر گرنگە و پرۆسەی تەوتینیش ئەوە نییە كە خەڵك تێیگەیشتوون، وا دەزانن لە بەغداوە ڕاستەوخۆ پارە دەچێتە گیرفانیان، بەڵام تكایە ئەمە وا نییە و زیاتر لێی ورد ببنەوە".
دەشڵێت" لەگەڵ تیمی (هەژماری من) دانیشتین و پرۆژەكەمان زۆر پێ باش بوو، هەندێ تێبینیمان هەبوو و پێمان باشە لەو پرۆژەیەدا جێبەجێ بكرێت،
ئەم پرۆژەیە هێندە پێشكەوتووە، ئەمریكییەكانیش و لایەنی دیكە پاڵپشتی دەكەن، چونكە ئەمە بەبانكیكردنی ژیانی خەڵكە، پرۆسەیەكە بۆ خزمەتی خەڵك، جا هەر ناوێكی هەبێت".
هەروەها سەبارەت بە بوونی جێگر، وتی" بەڵێ من رەفعەت عەبدوڵام بەدڵ بووە بۆ جێگری یەکێتی بۆ کاروباری حزبی، من لەم ماوەیەدا چەندین سەردانی دەرەوەی وڵاتم هەیە پێویستم بە کەسێکە هاوکارم بێت بۆ کاروبارە حزبییەکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی".