وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان کرد و هەرێمی کوردستانیش هێشتا لیستی مووچەی بۆ بەغداد نەناردووە و کێسەی هەیە .
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتەکە دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان کرد و داواش لە یەکەکانی ژمێریاریی وەزارەت و پارێزگاکان و دەستە سەربەخۆکان دەکات، نوێنەریان بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی وەرگرتنی مووچە ڕەوانە بکەن.
داواشی لە وەزارەتەکان کرد پابەندی ئەو خشتە مانگانەیە بن کە بۆ ڕیزبەندی دابەشکردنی مووچەکە دانراوە.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، میدیای پارتی بڵاویکردووەتەوە" تاوەکو ئێستا لیستی مووچەی مانگی نیسان تەواو نەبووە، چەند کێشەیەکی تەکنیکی لە لیستی مووچەدا هەیە، هەر کاتێک چارەسەر کران لیستەکە دەنێردرێت".
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای پارتی" وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەیەوێت "میزان موراجەعە" و داهاتی نێوخۆ بنێرێت بۆ بەغدا، ئینجا لیستی مووچەی مانگی نیسان بنێرێت. داهاتی پارێزگاکان، جگە لە سلێمانی، کۆکراوەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ یان سبەی داهاتی سلێمانییش بگاتە وەزارەت، دواتر پشکی حکومەتی عێراق لەو داهاتە بنێردرێت بۆ بەغدا."
دوایین جار لە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٥ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤٨ ملیار دیناری وەکو بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٥ خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.