شارەزایەکی کەشناسی پیشبینی دەکات لە دوو رۆژی داهاتوو ئەگەری نمە باران و هەورەبروسکە زۆرە و هاوکات پلەکانی گەرماش بەرزدەبنەوە.
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە" لە ئەنجامی کاریگەری لاوازی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور لەسەر ناوچەکانمان لە کاتەکانی نیوەرۆ بۆ شەو ئاسمان بەزۆری ئەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و ھەوری تەواو لەھەندێ کات و شوێنیشدا بەتایبەت ئێوارە بۆ شەو لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دھۆک و کەرکوک و ئیدارەی سۆران و راپەرین ھەورە بروسکە چالاک ئەبێت لەگەڵ ئەگەری نمە بارانێکی کەم".
دەشڵێت" لە ھەندێ ناوچەی ناوەراست و رۆژئاوای عێراق ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە ئەبێت".
سەبارەت بە پلەکانی گەرماش ئەو شارەزا کەشناسییە دەڵێت" پلەکانی گەرما بەرێژەی دوو پلە بەڕاورد بە ئەمڕۆ بەرزترئەبنەوە و ھەستکردن بەگەرما زیاتر ئەبێت بەھۆی ھاتنی شێیەکی کەم".
ئاراس جەبار ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات" خێرای با لەسەرخۆ ئەبێت ١٠بۆ ١٥کم/ک ئاراستەی با بەگوێرەی کات لە گۆڕاندا ئەبێت".