ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی ئەڵمانی بە سەرۆکایەتی مارگریت جاکۆب، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە دیمەشق، سەردانی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان کرد کە تێیدا جەخت لە گرنگی گفتوگۆکردن لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئیدارەی خۆسەر، شاندەکە لەلایەن هاوسەرۆکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئیلهام ئەحمەد و فەنار ئەلکەیت، لەگەڵ هەردوو جێگری سەرۆک، ڕۆبێل باهۆ و گۆلستان عەلی پێشوازییان لێکرا، لە میانەی دیدارەکەدا بارودۆخی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەگشتی و کاریگەرییەکانی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لەسەر ناوچەکە تاوتوێ کران، هەروەها تیشک خرایە سەر ئەزموونی ئیدارەی خۆسەری دیموکرات و یەکگرتووی خاکی سوریا.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پێداچوونەوە بە دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە گفتوگۆکانی نێوان ئیدارەی خۆسەر و دەسەڵاتدارانی دیمەشق کرا، لەوانەش مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە و ئەو لیژنانەی پێکهێنراون بۆ دانوستان لەسەر پێکهاتە کارگێڕییەکان و ڕێگاکانی تێکەڵکردنیان لەگەڵ قەوارەی دەوڵەتدا، هەروەها هەردوولا تاوتوێی بڕیاری پنتاگۆنیان کرد بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەگەری ئەمەش لەوانەیە لەسەر دۆخی ئەمنی و شەڕی دژ بە چەکدارانی داعش هەبێت.
لای خۆیەوە مارگریت جاکۆب، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە دیمەشق، جەختی لە گرنگی کارکردن بۆ پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر و بەردەوامیدان بە گفتوگۆ لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریا کردەوە، هاوکات ستایشی ئەو ڕێککەوتنە سەربازی و ئیداریانەی کرد کە جێبەجێکراون و ڕەزامەندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەم لێکتێگەیشتنانە دەربڕی.