"هیوادارم ڕۆژنامەنوسان ڕۆڵی کارای خۆیان لە گەیاندنی زانیاری ڕاست بگێڕن"

ئەمڕۆ سێشەممە لە یادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا مەسرور بارزانی پابەندبوونی حکومەتی بە ئازادی ڕاگەیاندن دووپاتکردەوە و دەشڵێت" هیوادارم ڕۆژنامەنوسان ڕۆڵی کارای خۆیان لە گەیاندنی زانیاری ڕاست بگێڕن".

مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە" لە یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی (كوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، پیرۆزبایی لە گشت ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم". 

جێگری سەرۆکی پارتی ڕاشیگەیاندووە" لەم یادەدا پابەندبوونی حكومەتی هەرێم بە ئازادی بیروڕا و ئازادی كاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی و كارئاسانیكردن بۆ ڕاگەیاندنكاران دوپاتدەكەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەكی پیشەییانە و بەرپرسیارانە و بە لە بەرچاوگرتنی یاسا و ئیتیك و پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی ڕۆژنامەوانی، دوور لە ناوزڕاندن و بەكارهێنانی زمانی زبر، پەیام و كاری ڕاگەیاندنی خۆیان ئەنجام بدەن". 

بارزانی هیواش دەخوازێت ڕۆژنامەوانانی كوردستان، لە ئاستی گەورەی و گرنگی پیشەكەیاندا بن و ڕۆڵی كارای خۆیان لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاری ڕاست و دروست بگێڕن، هاوكار و یارمەتیدەری دەسەڵات بن بۆ پشتگیری چاكسازی و نەهێشتنی هەڵە و كەموكورتییەكان.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا مەسرور بارزانی دەڵێت" ڕۆژی ڕۆژنامەگەری كوردی پیرۆز بێت و ئومێدی پێشكەوتنی زیاتر بۆ ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەخوازم". 



AM:09:27:22/04/2025